هەر ١٥ ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دژی ریفراندۆمی هەرێم وەستانەوە

ئەنجومەی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکەدا کە گوزارشت لە هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات، دژایەتی خۆی بۆ ئەنجام گەیاندنی ریفراندۆم راگەیاند.

لە راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا باس لەوە دەکرێت کە "ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش نیگەرانن لە پلانی تاکلایەنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەفتەی داهاتوودا".

لە بەیاننامەکەدا هاتووە "ئەنجوومەنی ئاسایش تێبینی ئەوەی کردووە کە ئەو ریفراندۆمە لەکاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە ئۆپەراسیۆنەکانی رووبەڕووبوونەوەی داعش کە کورد رۆڵی سەرەکی تێدا گێڕاوە".

هەر ١٥ ئەندامە هەمیشەیەکەی ئەو دەزگا نێودەوڵەتییە پێیوایە" بەردەوام بوون لە ریفراندۆم، رەنگە گشتپرسییەکە کاریگەری لەسەر هەوڵەکانی دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکان و گەڕانەوەی زیاتر لە سێ ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە عێراق دروست بکات."

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نیگەرانی خۆی نەشاردۆتەوە لە ریفراندۆم و پێیوایە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ناسەقامگیری و کاریگەری نەرێنی دەبێت.

ئەو دەزگا نێودەوڵەتییە جەخت لەسەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەگرن،هاوکات جەخت لەسەر چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەگوێرەی دەستووری عێراق و بە گفتوگۆی بونیاتنەرانە و لێکتێگەیشتن بە پاڵپشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چارەسەر بکرێت".

ئەو هەڵوێستەی ئەنجومەنی ئاسایش کە دژی ریفراندۆمە، بە گەورەترین دەزگای نێو دەوڵەتی دادەنرێت کە ئەویش لەسەر ریفراندۆم رای راشکاوانەی خۆی راگەیاند، ئەوە لە کاتێکدایە کە دوێنێ ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بە ئامادەبوونی بارزانی جەختی لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم کردەوە.



AM:08:03:22/09/2017