رۆژئاوای کوردستان هەڵبژاردن بۆ هاوسەرۆکەکانی کانتۆنەکان دەکات

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە رۆژئاوای کوردستان ئەمڕۆ هەینی ٢٢ ی ئەیلول سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هاوسەرۆکی کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکات.

ئاژانسی هاوار نیوز کە تایبەتە بە رۆژئاوای کوردستان، رایگەیاند ئەمڕۆ هەینی هەڵبژاردنی هاوسەرۆکەکان لەهەرێمی عەفرین و جەزیرەو فوڕات ئەنجام دەدرێت.

ئەو ئاژانسە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەمڕۆ بەهەزاران دەنگدەر لەهەرێمەكانی رۆژئاوای كوردستان (باكوری سوریا) دەچنەسەر سندوقەكانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی هاوسەرۆكانی  كانتۆنەکان  كە بچوكترین سیستمی ئیدارییە لەرۆژئاوای كوردستان.
کۆمسیۆن ئاماژەی بەوە كردووە، 12 هەزارو 421 كاندید كێبڕكێ لەسەر هاوسەرۆكایەتی سێ هەزارو 732 كۆمین دەكەن.

بەپێی ئامارەكانی كومسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەهەرێمی جەزیرە (كانتۆنی قامیشلۆ و كانتۆنی حەسەكە)  حەوت هەزار و 720 كاندید هەیە، كە سێ هەزار و 917  كاندیدیان ژنن و خۆیان بۆ هاوسەرۆكایەتی دوو هەزار و 495 كۆمین پاڵاوتووە.

هەروەها لەهەرێمی فورات (كۆبانێ – گرێ سپی و سڕین) ژمارەی كاندیدەكان گەیشتووەتە سێ هەزار و 135 كاندید، كە هەزار و 386 كاندیدیان ژنن و كێبڕكێ بۆ هاوسەرۆكایەتی 825 كۆمین دەكەن. 

لەهەرێمی عەفرین-یش (كانتۆنی عەفرین و كانتۆنی شەهبا) هەزار و 566 كاندید هەن، كە 700 كاندیدیان ژنن و كێبڕكێ لەسەر هاوسەرۆكایەتی  412 كۆمین دەكەن.



AM:09:14:22/09/2017