قاسمی سلێمانی دوا ئینزاری ولآتەکەی بە سەرکردایەتی کورد رادەگەیەنێت

فەرماندەی قەرارگای قودس قاسمی سلێمانی، سێ رۆژ پێش هەڵبژاردن سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و دوا ئینزاری ولآتەکەی بەسەرکردە کوردەکان رادەگەیەنێت.

گەورە بەرپرسی سیاسی و ئەمنی ئێران، قاسم سلێمانی لە دوێنێوە شەوەوە گەیشتۆتە سلێمانی و پێدەچێت دوا سەردانی ئەو بەرپرسە ئێرانیە بالآیە بێت بۆ هەرێم، پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە سپی راگەیاند" قاسمی سلێمانی لە سلێمانی لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتی کۆدەبێتەوەو دواتر سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ سەرکردەکانی پارتی و لەنێویشیاندا بارزانی کۆدەبێتەوە".

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەم سەردانەی سلێمانی، دوا سەردانی ئەو گەورە بەرپرسەی ئێران دەبێت بۆ هەرێم پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم و، دوا ئینزاری ولآتەکەشی دەبێت بۆ سەرکردە کوردەکان.

تا ئێستا نەزنراوە قاسمی سلێمانی چەند رۆژ لە کوردستان دەمێنێتەوە، ئەمە لە کاتێکدا وەفدێکی تری ئێران بە سەرۆکایەتی دانای فەڕ باڵوێزی پێشووی ئێران لە بەغدا، چەند رۆژێکە لەهەرێمی کوردستانە و کار لەسەر ئەوە دەکات کە سەرکردایەتی کورد پاشگەزبێتەوە لە ئەنجامدانی ریفراندۆم.

کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگای چەند بەرپرسێکیەوە بە ئاشکرا رای خۆیان دژی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان راگەیاندووەو دوا هەڕەشەشیان لە ئه‌مینداری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی ئێرانەوە، عەلی شامخانی بوو کە بەئاشکرا ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد کە سنوورەکان دادەخەن و رێگا بەهاتوچۆ و هێنانی و بردنی کالآ ناکەن لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان.

هاوکات ئەو بەڵێنەشیان بە سەرکردایەتی کورد داوە کە لەکاتی ئەنجامنەدانی ریفراندۆمدا بەهەموو شێوەیەک فشار لە بەغدا دەکەن، تا چارەسەری کێشەکانی نێوان هەردوولا بکرێت.





ئه‌م بابه‌ته 12186 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:07:22/09/2017