"نەخشەرێگای یەکێتی جەخت لەگشتپرسی شوێنە دابڕاوەکان دەکاتەوە"
داوا لە کەرکوکیەکان دەکات بچن بۆ دەنگدان

پارێزگاری کەرکوک د. نەجمەدین کەریم دووپاتی دەکاتەوە کە نەخشە رێگای یەکێتی جەخت لەسەر گشتپرسی لەناوچە جێناکۆکەکان دەکاتەوە. کەریم داوا لە خەڵکی کەرکوک دەکات بڕۆن بۆ دەنگدان.

د. نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک لەرێگای رووداوە داوا لە کەرکوکیەکان دەکات رۆژی دووشەممە ٢٥ ی ئەیلول بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەڵێت " داوا لە خەڵکی کەرکووک دەکەم رۆژی دووشەممە 25-9-2017 بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، هەموو ئامادەکارییەک کراوە و من ئەمڕۆ لەگەڵ نوێنەری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی قسەم کرد، هەموو ئامادەکارییەک کراوە، سندووقەکان لەو شوێنانە دەبێت کە پێشتر خەڵک دەنگی لێداوە. لەبەر ئەوە هەر کەسێک بچێتەوە بۆ ئەو شوێنەی دەنگی لێداوە لە 2014". 

ناوبراو دەڵێت " ئەمە رۆژێکی مێژووییە بە نیسبەت خەڵکی کەرکووک و کوردستان ، ئەمە هی حیزب نییە هی شەخس نییە و هی خەڵکی کوردستان و داهاتووی کوردستانە ، هەندێجار خەڵک ترس و دڵەڕاوکێ دەهێننە ئاراوە کەرکووک لە هەموو کاتێک ئارامترە و هیچ مەترسییەک لەسەر کەرکووک نییە، ئەو کەسانەی ئەو پڕوپاگەندانە بڵاودەکەنەوە، قەت نەیانویستووە کەرکووک رای خۆی هەبێت لەم پرسانەدا و نەیانویستووە کەرکووک ئارامی تێدا بێت. بەڵکو پێیان خۆشە ئارامی کەرکووک تێکبچێت".

سەبارەت بە پاشکەشەی یەکێتی لە ریفراندۆم، نەجمەدین کەریم دەڵێت" یەکێتی لەوانەیە یەکەم حیزب بێت کە داوای مافی چارەنووسی کردووە و بۆ پرسی گشتپرسیش یەکێتی خۆی داوای کردووە گشتپرسی بکرێت بە شوێنە دابڕاوەکانیشەوە ، هەروەها نەخشە رێگای یەکێتی کە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی دەنگی لەسەر داوە جەختیکردووەتەوە کە لە هەموو شوێنە دابڕاوەکان گشتپرسی بکرێت. من دڵنیام یەکێتی و ئەندامان و لایەنگرانیان پابەند دەبن بەوە و لە پێش خەڵکی دیکە دەچن بۆ دەنگدانیش".






PM:03:11:23/09/2017