پەخشی ناوخۆیی کەناڵی ئێن ئاڕتی وەستێندرا


پەخشی ناوخۆیی کەناڵی ئێن ئاڕتی وەستێندرا و خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی نالیاش زانیاری لەوبارەیەوە ئاشکرادەکات.

شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی نالیا بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "لەدوێنێوە پەخشی ناوخۆیی کەناڵی ئێن ئاڕتی وەستێندراوە".

بەپێی زانیاریەکان وەستانی پەخشەکە لە دوێنێوە لەو کاتەدا بووە کە ڕابوون مەعروف وتەبێژی جوڵانەوەی "نەخێر لەئێستادا" لەو کەناڵەوە قسەیکردوە.

ئەمەش دوەمجارە پەخشی ناوخۆیی کەناڵی ئێن ئاڕتی دەوەستێندرێت و پێشتر لە 28ی ئاب بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیى ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە هەولێر و  پەخشی ناوخۆیی کەناڵى ئێن ئاڕ تیى بۆ ماوەی هەفتەیەک ڕاگرت

ڕاگرتنی پەخشەکەش بەگوێرەى ئەو نووسراوەى کە بڵاوکراوەتەوە، بەپێى فەرمانى ژمارە ٦١٩ و لە بەرواری ٢٨/٨/٢٠١٤ بەڕێوەبەرایەتیى ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەى هەولێر، بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە و وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان و هەروەها بەپێى ڕێنمایى ژمارە ١ى ساڵى ٢٠١٤ى ڕێکخستنى فریکوێنسى سپەیسى هەرێمى کوردستان و ماددەى پێنجەم / خاڵی دووەم/ سەرپێچى ژمارە (أ) لە ماددەى سێیەم بڕگەى دووەم / خاڵەکانى ١،٢،٣،٤،٥،٦ هاتووە، بڕیار درا بە ڕاگرتنى پەخشى کەناڵی (NRT) لەسەر تۆڕى (DVBT/T2) بۆ ماوەى یەک هەفتە بوو ، بەڵام لەئێستادا دیارنیە کە بۆ دووەمجار بە بڕیاری چی لایەنێکی بەرپرس پەخشی ئەو کەناڵە ڕاگیراوە.



PM:02:25:25/09/2017