فەرهاد سەنگاوى لەبارەی دەست لەکارکێشانەوە لە ئەندامێتى پەرلەمان ڕونکردنەوە دەدات

 

فەرهاد سەنگاوى ئەندامى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند ئاگادارى ئەو دەستلەکارکێشانەوەیە نیە کە ئەمڕۆ بە ناوى ئەوەوە  نوسراوە و لە پەرلەمانى کوردستان خوێندراوەتەوە و پەسەند کراوە.


فەرهاد سەنگاوى، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی "ئێن ئاڕ تى" راگەیاندووە "دەستم لە ئەندامێتى پەرلەمان نەکێشاوەتەوەو ئەوەشى ئەمڕۆ بەناوى منەوە نوسراوە و پەسەند کراوە لە سەرۆکایەتى پەرلەمان، زوڵمێکى ترە لە یاساى ئەم هەرێمەو هاوڵاتیان کراوە."

سەنگاوى ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە کە ئەو هەمیشە نوێنەرى گەل بووە و لەبەرەى گەل بووە و هەرواش دەمێنێتەوە.

ئەمرۆ بەزۆرینەى دەنگ لە پەرلەمانى کوردستان دەستلەکارکێشانەوەى فەرهاد سەنگاوى پەسەندکرا

فەرهاد سەنگاوی لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا بەشداریکرد لە جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا بۆ ڕیفراندۆم، بەڵام پاش ئەوە مەکتەبی سیاسی یەکێتی فەرهاد سەنگاوی پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکەی لە ڕیزەکانی خۆی دەرکرد.

فەرهاد سەنگاوى دوای بڕیاری دوورخستنەوەی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند، وەکنوێنەری خەڵک بەردەوام دەبێت لە خەباتی پەرلەمانی.

هەر ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ دەستلەکارکێشانەوەی فەخرەدین قادری لە پۆستی سکرتێر و ئەندامێتی پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرد.



PM:04:42:30/09/2017