بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
لیستی نەوەی نوێ راگەیاندرا

بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، شاسوار عەبدولواحید لیستێکی نوێی بە ناوی "نەوەی نوێووە" ڕاگەیاند.

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی لیستەکە لە کاتی راگەیاندنی لە هۆڵی چاڤی وتی " لیستی نەوەی نوێ هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە پرۆسەی سیاسیدا بەشدارییان پێ نەکراوە و لیستەکە تەنها بۆ کۆمەڵێک کەسی دیاریکراو نییە".

شاسوار عەبدولواحید کە خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی NRTیە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە دەیانەوێت شێوازی حزبایەتی لە هەرێمی کوردستاندا بگۆڕن، چونکە حیزبەکانی پێشتر سەرجەمیان لە ئەنجامی دابەشبوون و (ئینشیقاق)ەوە دروستبوون.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، " دەبن بە دەنگی ئەوانەی لەم هەرێمەدا پشتگوێ خراون و دەبن بە دەنگی ئەوانەش کە تەنانەت لەناو حزبەکانی دیکەشدا فەرامۆشکراون".

شاسوار عەبدولواحید وتیشی " تائێستا پرۆسەی دەوڵەتاری لە هەرێمدا نییە و هەوڵ بۆ حکومڕانییەتییەکی باش دەدەن لە هەرێمی کوردستاندا".
هەروەها وتیشی " ستراتیژی ئێمە تەنها هەر بۆ ناوخۆ نییە".

ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە کۆتایی بهێنرێت بەوەی تەنها بیر لە شەڕ بکرێتەوە و دەبێت هەوڵ بدرێت بۆ چەسپاندنی ئاشتی.



PM:05:23:01/10/2017