بارزانی چاوی بە نوری مالکی دەکەوێت

لە مەراسیمی ناشتنی تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق لە سلێمانی، بارزانی و نوری مالکی لەنێو ئەو کەسایەتیە سیاسیانەدان کە ئامادەی مەراسیمەکە دەبن و  چاویان بەیەکتری دەکەوێت.

قادر عەزیز ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی NRT ئەمشەو ٥ ی تشرینی یەکەم رایگەیاند "هەریەک لە جێگرانی سەرۆک کۆماری عێراق لەنێویشیاندا د. نوری مالکی ئامادەی مەراسیمی ناشتنی مام جەلال دەبن، هەروەها کاک مەسعود بارزانیش ئامادەی مەراسیمەکە دەبێت".

سبەی هەینی لە مەراسیمی ناشتنی تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی دوو نەیاری گەورەی کوردو عێراق بارزانی و نوری مالکی ئامادە دەبن.

ناکۆکی مالکی و بارزانی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئابی ٢٠١٢ کاتێکی کە بارزانی و سەدر و تاڵەبانی و ئەیاد عەلاوی هەوڵیان دا متمانە لە کابیەنەکەی مالکی بسەننەوە، بەلآم لە ساتەکانی کۆتاییدا تاڵەبانی رای گٶڕدرا، لەو دەمەوە ناکۆکیەکی قورس دەکەوێتە نێوان بارزانی و مالکی یەوە، دواتر مالکی لەرێگای هێزەکانی ئۆپراسیۆنی دیجلەوە هەڕەشەی هێرشکردن سەر ناوچە جێناکۆکەکان دەکات، بەرامبەر ئەوەش پێشمەرگە هێزەکانی لەسەر سنوری ناوچە جێناکۆکان کۆکردەوە، هەرچەندە شەڕ رووینەدا، بەلآم ناکۆکیەکانی بارزانی و مالکی گەیشتە لوتکەو بەدڕێژایی ئەو پێنج ساڵە ناکۆکیەکانیان بەردەوامەو ئێستاش کە ریفراندۆم لە کوردستان ئەنجامدراوە، لیستەکەی دەوڵەتی یاسا کە لەلایەن مالکیەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، ریفراندۆم بە کاری مەسعود بارزانی دەزانێت.

تا ئێستا نەزانراوە مەکتەبی سیاسی چۆن هاتنی کەسایەتییە VIP کانی لە مەراسیمی ناشتنی تاڵەبانیدا رێکخستووە، بەلآم ئەو دوو کەسایەتییە سیاسییە دەسەلآتدارە ناکۆکەی کوردستان و عێراق سبەی هەردووکیان ئامادەی مەراسیمەکە دەبن.    



PM:10:29:05/10/2017