بەوێنە.. نزیکەی هەزار چەکداری داعش خۆیان رادەستی پێشمەرگە دەکەن

ماوەی چەند رۆژێکە ئەو چەکدارانەی داعش کە لە هێزە عێراقییەکان هەڵهاتوون لە حەویجە خۆیان رادەستی هێزی پێشمەرگە دەکەن.

سەرچاوەیەکی بالآی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری کەرکوک بە سپی راگەیاند" ماوەی چەند رۆژێکە ژمارەیەکی بەرچاو لە چەکدارانی داعش لە دەڤەری حەویجە کە لەدەستی هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان هەڵهاتوون، خۆیان رادەستی هێزی پێشمەرگە دەکەن".

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد کە زۆربەی چەکدارانی داعش لە میحوەری باکوری رۆژئاوای کەرکوک خۆیان رادەستی هێزی پێشمەرگە دەکەن، ئەو میحوەرەی کەمال کەرکوکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی بەرپرسیارێتی.

سپی زانیویەتی ژمارەی ئەو چەکدارانە خۆیان دەدەن لە هەزار چەکدار.

ئاژانسی رۆیتەرز ئەمڕۆ لە راپۆرتێکدا لە زاری بەرپرسێکی ئەمنی بالآی کوردیەوە بلآویکردەوە کە سەدان چەکداری داعش خۆیان رادەستی هێزی پێشمەرگە کردووە.

سپی زانیویەتی ئەو چەکدارانەی خۆیان رادەستی هێزی پێشمەرگە کردووە، سەرەتا لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتاییان لە ئاسایشی پارتی و دژە تیرۆری ئەو حیزبە لە کەرکوک لەگەڵ دەکرێت و دوای دەگوازرێنەوە بۆ هەولێر.

سەبارەت رۆڵی هیزە عێراقییەکان و ئەمەریکا لەم پرسەدا، سپی زانیویەتی هێزە ئەمنییەکانی پارتی هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئەمەریکادا هەیە لەو پرسەداو پێدەچێت دوای لێکۆڵینەوەو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارتیەوە، ئەو گیراوانە رادەستی ئەمەریکیەکان بکرێن بۆ لێکۆڵینەوە.  
 



PM:08:54:10/10/2017