بەئامادەبوونی بارزانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی کوردستان بڕیاریدا، ئەنجامدانی، یان دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم، بخەنە نێو پەرلەمانەوە، لە کاتێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت کە پارتی و یەکێتی و یەکگرتوو رێککەوتوون لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن.
سەرچاوەیەکی نێو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی باڵای کوردستان بە سپی راگەیاند پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سپێردراوە بە پەرلەمانی کوردستان تا بڕیاری لەسەر بدرێت.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هەر سێ لایەنی پارتی و یەکێتی و یەکگرتوو رێککەوتوون لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێم، ئەمڕۆش هەر بۆیە بڕیاردان لەسەر ئەو کارەیان سپارد بە پەرلەمان، چونکە ئەو سێ لایەن دەتوانن دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران بۆ دواخستنی ئەو پرسە مسۆگەر بکەن.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە هەر سێ لایەن رێککەوتن کە هەردوو هەڵبژاردنەکە دوابخرێت، بەڵام لەنێو ئەو سێ لایەنەدا جیاوازی لەسەر ماوەی دواخستنەکە بەدیدەکرێت، هەرچی یەکگرتوو و یەکێتی یە داوا دەکەن ماوەی دوو ساڵ دوابخرێت، بەڵام پارتی دیموکراتی دەیەوێت کەمتر لەو ماوەیە دوابخرێت نزیکەی شەش مانگ دوابخرێت.
هەر سێ لایەن، خاوەنی ٦٦ پەرلەمانتارن، پارتی ٣٨ ئەندام و یەکێتی ١٨ ئەندام و یەکگرتووی ئیسلامی ١٠ ئەندام پەرلەمانیان هەیە، جگە لە کۆتاکان کە ١١ کورسی پەرلەمانیان هەیەو زرینەیان لەژێر هەژموونی پارتی دیموکراتی کوردستاندان.