بەرپرسێکی حەشدی شەعبی: عەبادی فەرمانی هێرشکردنە سەر کەرکوکی داوە

بەرپرسێکی حەشدی شەعبی ئاشکرایدەکات بە فەرمانی عەبادی  ئامادەکاری کراوە بۆ هێرشکردنە سەر کەرکوک و  دەشڵێت "لە دوو رۆژی داهاتوودا پێشبینی دەکەین رووداوی گەورە لە کوردستاندا رووبدات".


ئەبو عیزرائیل، وتەبێژی لیوای 40ی کەتیبەکانی ئیمام عەلی سەر بە حەشدی شەعبی به‌ ماڵپه‌ری رووداوی راگه‌یاندووە "لە چەند رۆژی رابردوودا بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە ناوچەی سەوز کۆبوونەوەیەک لەگەڵ فەرماندە باڵا سەربازیی و ئەمنییەکان کراوەو تیایدا عەبادی فەرمانیداوە بە ئامادەکردنی پێنج  هێز لە حەشدی شەعبی، هێزی تاڵتونی، پۆلیسی فیدراڵی و سوپای عیراقی بەمەبەستی بڵاوبوونەوە و هێرشکردنە سەر ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەتایبەتی کەرکوک".

وتەبێژی لیوای 40ی کەتیبەکانی ئیمام عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆبوونەوەکەدا حاجی شبل زەیدی، فەرماندەی کەتیبەکانی ئیمام عەلی و فەرماندە سەربازییەکانی دیکە رایانگەیاندووە، کە ئەوان ئامادەنین شەڕی کورد بکەن و خوێنی هاوڵاتیانی کورد بڕژێت.

ئەبو عیزرائیل دەشڵێت "ئێستا هەموو هێزەکان لەو پەڕی ئامادەباشیدان، کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەبەشی (ج)ی سەربازی و چاوەڕێی فەرمانی سەرووی خۆیانن لە هەر چرکەساتێکدا فەرمان بکرێت، هێرشەکە ئەنجامدەدەن و لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بڵاودەبنەوە، بەڵام ئەوان بەهیچ شێوەیەک نایانەوێت شەڕی هێزەکانی پێشمەرگە و کورد بکەن".

ئەبو عیزرائیل پێشبینی دەکات لە دوو رۆژی داهاتوودا "گۆڕانکاریی گەورە" لە کوردستان رووبدات، بەوتەی خۆی ئەوان چاوەڕێی ئەو گۆڕانکارییەن و ئامادەن پارێزگاریش لە کوردستان بکەن.



PM:02:35:12/10/2017