توێژەرێکی سیاسی: ئەوەی نەوتی هەرێم رادەستی بەغدا دەکات، گەورەترین ناهەقی بەرامبەر میللەت دەکات

توێژەرێکی سیاسی ناسراوی کورد داوا دەکات بەهیچ جۆرێک نەوت تەسلیمی بەغدا نەکرێت.

د.شێرکۆ کرمانج کە  دکتۆرای له‌ دیراساتی نێوده‌وڵه‌تی له‌ زانکۆی ساوس ئوسترالیا هەیە لە نووسینێکدا بەناونیشانی "گرنگی جیۆپۆلەتیکی نەوت بۆ کورد" دەڵێت "کورد تا ئێستا درکی ئەوەی نەکردوە یان نازانێت کە عێراق کاتێک دەیەوێت دەست بەسەر نەوتی کوردستان دابگرێت تەنیا مەبەستی ئەوە نییە کە نەوتی کەرکوک بدزێت، واتە ئەمە تەماحی چەند بەرپرسێکی عێراقی نییە، بەڵکو عێراق وەک دەوڵەت مەبەستیەتی کە پێگەی کورد لە هاوکێشە ناوخۆییەکان لاوازبکات‌و کورد ملکەچی داواو فەرمانەکانی خۆی بکات".

لە درێژەی نووسینەکەدا دەڵێت" ئینسانی کورد نەوت‌و داهاتی نەوتی لە پرسی موچە بچوککردۆتەوە. خۆ ئەگەر ئەوەش پرسێک یان ڕەهەندێکی پرسەکە بێت ئەوە مانای ئەوە نییە کە دەبێت کورد بێت دەستەبەرداری نەوت بێت بۆ بەغدا تاوەکو موچەی بۆ دابینبکات بەڵکو دەبێت ئینسانی کورد یەخەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بگرێت‌و بدڕێت تاوەکو موچە بۆ خەڵک زامنبکەن‌و مافەکانی بۆ بگێڕنەوە".

توێژەر بەرپرسان ئاگادار دەکاتەوە "ئەو کەس‌و لایەنانەی کە دەیانەوێت نەوت ڕادەستی بەغدا بکەن، یان دانوسان لەسەر ئەم کاڵا گرنگە بکەن، بۆ ئەوەی لەبەردەستی دەسەڵاتدارانی هەرێمی دەربێنن، ئەوە ئەوان ڕاستناکەن کە تەنیا بۆ زامنکردنی موچە دەیانەوێت ئەو سەودایە بکەن،چونکە لەڕاستیدا مەبەستی ئەوان لاوازکردنی نەیارەکەیانە کە پارتی‌و یەکێتین".

د.شێرکۆ کرمانج  پێیوایە" کاتێک نەوت ڕادەستی بەغدا دەکەن ئەوە نەتەوەیەک بێهێز دەکەن‌و تەرازوی هێز بەلای نەیارانێک دەشکێننەوە کە هەر خودی خۆیان پێش دەسەڵات زەرەری تێدادەکەن. نەوت نابێ‌و ناکرێت تەسلیم بەغدا بکرێتەوە، ئەوەی ئەم کارە دەکات گەورەترین ناهەقی بەرابەر میللەتێک دەکات. ئەوەی داوای ئەمە دەکات کەمترین ئاگایی لە زانستی سیاسەت‌و سیاسەتی هێزو جیۆپۆلەتیکی نەوت نیە".




PM:12:53:14/10/2017