موقته‌دا سه‌در، په‌یامێكی نوێی سه‌باره‌ت بهگرژییهكانی نێوان عیراق و هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند و داواش له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كات ده‌ست له‌ئه‌نجامی ریفراندۆم هه‌ڵبگرن.
ئه‌مڕۆ شەممە 14ی تشرینی یه‌كه‌می 2017، موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در له عیراق، له‌رێگه‌ی بڵاوکراوەیەکەوە، بۆچوونی خۆی لەبارەی ئاڵۆزتربوونی كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێمه‌وه ده‌رده‌بڕێت و ده‌ڵێت "داواكارییه‌كان بۆ له‌سه‌ركارلادانی سه‌رۆك كۆماری عیراق، جۆرێكه له فشاره سیاسییه‌كان، هه‌رچه‌نده پێموانییه كاریگه‌ریی هه‌بێت و دروست نییه له‌م كاته‌دا ئه‌و كاره بكرێت".
سەدر په‌یامێكیش ئاڕاسته‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت "ده‌بێت ده‌ست له‌ئه‌نجامی ریفراندۆم هه‌ڵبگرن و بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ده‌ستوور و خۆیان و عیراق تێكه‌ڵی فیتنه‌یه‌ك نه‌كه‌ن، كه ده‌رفه‌تی ده‌ربازبوونی نییه".
سه‌در، جەخت لەوە دەکاتەوە ئه‌وه‌ی كه ئێستا حكومه‌تی عیراق له‌به‌رامبه‌ر پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق په‌یڕه‌وی ده‌كات، مامه‌ڵه‌یه‌كی شه‌رمنانه‌یه.