قەوارەی نەوەی نوێ کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی سلێمانی راگرت

نەوەی نوێ ئەو کۆبوونەوە جەماوەرییەی راگرت بە نیازبوو لە پارکی ئازادی لە سلێمانی سازیبکات.

نەوەی نوێ لە راگەیاندراوێکدا ئەو کۆبوونەوەی جەماوەرییەی راگرت کە بەنیازبوو بۆ شاسوار عەبدولواحید لە پارکی سازی بکات، راگرتنەکەشی وەک خۆی باسی دەکات " لەبەر پاراستنی رۆحی هاوڵاتییان و گەنجان لە دەستی ئەو ترسنۆکانەی کە بەس بۆ ھێرشکردنە سەر لاوانی کورد پەروەردە کراون، کۆبونەوەکە ڕادەگرین لە ئێستادا".

لەو راگەیاندنەدا هاتووە " ھێزە ترسنۆکەکانی یەکێتی و پارتی وەك ھەمیشە بۆ گەلەکەمان شێرن و بۆ دوژمنانی گەلەکەمان ڕێوی بەزیون".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە " وەك ئاگادارن دوای ھەڵاتن و قوچاندنی فەرماندە ترسنۆکەکانی پارتی و یەکێتی و تەسلیم کردنی کەرکوك و نیوەی باشوری کوردستان لە چەند سەعاتێکدا بە ھێزەکانی سوپای عێراق، بڕیار بو ئەمڕۆ لیستی نەوەی نوێ، بۆ ئیدانەکردنی بەرپرسانی ئەو شکستە نیشتیمانییە، کۆبونەوەیەکی جەماوەری لە سلێمانی رێكبخات".

هەروەها دەڵێت " ئەو ھێزە ترسنۆکانەی کە وەك ھەمیشە بۆ گەلەکەمان شێرن و بۆ دوژمنانی گەلەکەمان ڕێوی بەزیون، لە ھەمو لایەکەوە رێگری دەکەن لە کۆبونەوەی هاوڵاتیان".

هەروەها قەوارەی نوێ باس لەوە دەکات کە لەبەزگەکانی دەرەوەی شاری سلێمانی و شوێنەکانی تر رێگری لە گەنجان دەگیرێت بۆ ئەوەی بەشداری نەکەن لە کۆبوونەوە جەماوەریەکەی نەوەی نوێدا. 

دەبوو ئەمڕۆ نەوەی نوێ کاتژمێر ٣ی دوای نیوەڕۆ لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی بەڕێوە ببات، بەلام وەک خۆیان دەڵێن لەبەر سەلامەتی گیانی لاوان، ئەو کۆبوونەوەیان دواخست لە ئێستادا.



PM:03:46:19/10/2017