حکومەتی عێراق ناوی د. نەجمەدین کەریم دەدات بە پۆلیسی ئینتەرپۆل

لەسەر تۆمەتبارکردنی بە زیاتر لە ١٣ دۆسیەی گەندەڵی، حکومەتی عێراق ناوی د. نەجمەدین کەریمی پارێزگاری پێشووی کەرکوک بەمەبەستی دەستگیرکردنی دەدات بە پۆلیسی ئینتەرپۆڵ.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق بەسپی راگەیاند" دوای ئەوە دادگای عێراقی بە تۆمەتی گەندەڵی بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ د. نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکوک دەرکرد، حکومەتی عێراق و وەزارەتی ناوخۆ ناوی ناوبراوی رادەستی پۆلیستی ئینتەرپۆل کردووە بۆ ئەوەی ئەگەر ناوبراو بچێتە هەر ولآتێک دەستگیر بکرێت ".

لەمانگی رابردوودا حکومەتی بەغدا بەتێوەگلانی نەجمەدین کەریم لە گەندەڵیەوە لەپۆستەکەی لابرا، بەلآم دەسەلآتدارانی هەرێم ئامادە نەبوون ئەو بڕیارە جێبەجێبکەن، لابردنی ناوبراو لە کاتێکدا بوو کە پرسی ریفراندۆم و پڕوپاگەندەی ئەو پرسە لەوپەڕی هەكشاندابوو، ناوبراویش یەکێک بوو لەوانەی بانگەشەی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دەکرد.
  
نەجمەدین کەریم لە ساڵی ١٩٤٩ لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لەکەرکوک تەواوکردوە، بەکالۆریۆسی لەبواری پزیشکی گشتی بەدەستهێناوە لەزانکۆی موسڵ ساڵی ١٩٧١، لەساڵی ١٩٧٢ پەیوەندی کردوە بە ریزەکانی پێشمەرگەوە، لە ساڵی ١٩٧٦ کاتێک مەلامستەفا نەخۆش دەکەوێت وەک پزیشکی تایبەتی ئەو لەگەڵیدا بەرەو ئەمریکا بەڕێ دەکەوێت و هەر لەوێ دەمێنێتەوەو بڕوانامەی دکتۆراش لەبواری نەشتەرگەری  ئەعساب ومێشک بەدەست دەهێنێت لەزانکۆی جۆرج واشنتۆن. لەساڵی ٢٠٠٩ دەگەرێتەوە عێراق و لە کۆنگرەی سێیەمی یەکێتیدا دەبێتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە. سەرۆکی لیستی کوردستانی دەبێت لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١١ ە و هەر ئەوکاتەش دەبێت بە پاریزگاری کەرکوک




PM:05:57:19/10/2017