بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

مەسعود بارزانی، پەیامێکی لەبارەی بڕیاری دادگای ڕەسافە بۆ دەستگیرکردنی کۆسرەت ڕەسوڵەوە بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت "تێكۆشەرێكی وەك كاك كۆسرەت و بە بەغدا ناگیرێت".


کەمێک لەمەوبەر مەسعود بارزانی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "بڕیاری دادگای ڕەسافە، بڕیارێكی سیاسییە و بە ڕوونی پێشان دەدات كە عەقلیەتی باڵادەست لە بەغدا بە چ شێوەیەكە، گەلێك ڕای خۆی بە ئاشتییانە دەرببڕێت، دەبێ سزای بەكۆمەڵ بدرێت، كەسێك ڕای خۆی دەرببڕێت، دەبێ بگیرێت. هەر ئەو عەقڵییەتەیە وای كردووە كەس نەتوانێ لەگەڵیاندا بژیێت".

دەشڵێت "با دەستەڵاتدارنی بەغدا ئازاد بن، چ بڕیارێك دەدەن با بیدەن، بەڵام با بشزانن تێكۆشەرێكی وەك كاك كۆسرەت و تێكۆشەرەكانی تریش بەوان ناگیرێت و بۆیان نییە بیگرن".

دەقی پەیامەکە:

پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

ڕۆژی پێنجشەممە 19ـی 10ـی 2017 دادگەی لێكۆلینەوەی ڕەسافەی بەغدا بڕیاری گرتنی بۆ بەڕێز كاك كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری یەکەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان دەركردووە بە تۆمەتی دەربڕینی ڕای خۆی لەسەر ڕووداوەكانی كەركووك.

ئەم بڕیارەی دادگەی ڕەسافە كە بڕیارێكی سیاسییە بە ڕوونی پێشان دەدات كە عەقلیەتی باڵادەست لە بەغدا بە چ شێوەیەكە. گەلێك ڕای خۆی بە ئاشتیانە دەرببڕێت دەبێ سزای بەكۆمەڵ بدرێت، كەسێك ڕای خۆی دەرببڕێت دەبێ بگیرێت. هەر ئەو عەقلییەتەیە وای كردووە كەس نەتوانێ لەگەڵیاندا بژیێت.

با دەستەڵاتدارنی بەغدا ئازاد بن، چ بڕیارێك دەدەن با بیدەن بەڵام با بشزانن تێكۆشەرێكی وەك كاك كۆسرەت و تێكۆشەرەكانی تریش بەوان ناگیرێت و بۆیان نییە بیگرن.

مسعود بارزانی

19ـی 10ـی 2017



PM:08:31:19/10/2017