مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا روودەکاتە ویژدانی
گەلانی جیهان و رای گشتی و ئازادیخواز و رۆشنبیرانی سەرتاسەری جیهان و، داوایان لێدەکات
پشتیوانی گەلی کوردستان بن و رێگە لە جینۆساید و کارەساتێکی تازە بگرن کە بەسەر کوردستاندا
دێت.
دەقی پەیامەکە:
بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
جەماوەری سەربەرزی کوردستان
کوردستانیانی دەرەوەی وڵات
ڕای گشتی جیهان
پاش ئەوەی گەلی کوردستان بە شێوەیەکی ئاشتییانە
تەعبیری لە ڕای خۆی کرد لە دیاری کردنی چارەنووس، کە مافێکی ئاسایی و سروشتی هەر گەل
و نەتەوەیەکە، ئێستا گەلەکەمان کەوتووەتەوە بەر هەڕەشە و ئابلوقە و سزادانی بە کۆمەڵ.
حکومەتی عێراقیش بە ناوی فەرزکردنی یاسا وا خەریکی سزادانی میللەتێکە کە تەنیا ڕای
خۆی دەربڕیوە و هیچ تاوانێکی نەکردووە. ئەو سزادانەی کە لە دژی گەلەکەمان هەیە پێشێلکردنی
هەموو سنوورەکان و یاسا و دەستوری عێراقە و هاوکات بە گەلەکۆمەکی دەیانەوێت ئیرادەی
خۆیان بەزۆری چەک و شەڕ بەسەر گەلەکەماندا بسەپێنن و شکۆی گەلەکەمان بشکێنن. ئەوەش بووەتە هۆی تێکدانی ژیانی خەڵک و ئاوارەبوونی
زیاتر لە سەد و پەنجا هەزار کەس.
لێرەدا موخاتەبەی ویژدانی گەلانی جیهان و ڕای گشتی
و ئازادیخواز و ڕۆشنبیرانی سەرتاسەری جیهان دەکەم کە پشتیوانی گەلی کوردستان بن و ڕێگە
لە جینۆساید و کارەساتێکی تازە بگرن کە بەسەر گەلەکەماندا دێت و گوشار بخەنە سەر حکوومەتەکانتان
و ناوەندەکانی بڕیار بۆ ئەوەی بێنە دەنگ لەسەر ئەو ستەمەی کە لە گەلی کوردستان دەکرێت.
چونکە حکوومەتەکان لەبەر بەرژەوەندییەکانیان، قوربانیی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگەیان
لە بیر چووە کە لە شەڕی تیرۆرستانی داعش بەخشیویانە و لە جیاتی هەموو جیهان بەرسینگی
ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشیان گرتبوو و هەزاران شەهید و بریندارمان لەو پێناوەدا. بۆیە
داوا دەکەم ڕێگە لەم شەڕ فرۆشتن و کوشتار و پێشێلکاری و ئاوارەکردنی خەڵک بگرن کە حکوومەتی
عێراقی لە ڕێگەی میلیشیا و هێزەکانییەوە بە هاوکاری و ڕێنمایی دەرەکی لە دژی کوردستان
ئەنجامی دەدات.
هەر لێرەدا داوا لە هەموو کوردستانیانی دانیشتووی
ئەوروپا و ئەمەریکا دەکەم کە بە شێوەیەکی یاسایی و ئاشتییانە بۆ پاڵپشتیکردنی گەلەکەمان،
خۆپێشاندان و چالاکی مەدەنی ئەنجام بدەن و داوای هاوکاری گەلانی ئەو وڵاتانە بکەن کە
تیایدا نیشتەجێن کە ئەم شەڕ و ئابلوقەیە لە دژی گەلەکەمان بە زووترین کات ڕابگرن. داواکارم
دەنگی مەزلومییەتی کوردستان و پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلەکەمان بە جیهانییان بگەیێنن.
مسعود بارزانی
٢٠ی ١٠ی ٢٠١٧