لەسلێمانی تەرمی ژنێک دۆزرایەوە و گەنجێکیش گیانی لەدەستدا

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، تەرمی ژنێکی ٤٥ ساڵ لە گەڕەکی کەنەکەوەی شاری سلێمانی دۆزرایەوە، بەهۆی داڕمانی سەقفی خانوویەکیشەوە لە گەڕەکی خەباتی شارەکەدا گەنجێک گیانی لەدەستداوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، ئێوارەی دوێنێ لە گەڕەكی كەنەكەوەی شاری سلێمانی تەرمی ژنێكی تەمەن ٤٥ ساڵ بە كوژراوی دۆزرایەوە .

هەروەها وتیشی، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشكی دادوەری لەشاری سلێمانی كرا و پەڕاوی لێكۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ژنەكە ناوی (س، م، ع) ، لەدایكبووی ١٩٧٢ەو دانیشتوی شاری سلێمانیە و پیشەی كارگوزار بووە.

هاکات بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی پۆلیسی سلێمانی "گەنجێک بە ناوی (ه ، ب ، ك ) لەدایكبووی ١٩٩، کە دانیشتوی شاری سلێمانییە و لە كاتی كاركردنیدا، سەقفی خانوویەك دەڕوخێت بەسەریدا و دەستبەجێ‌ گیانلەدەستدەدات".

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، کە دوای گەیشتی هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و تیمە فریاگوزارییەكانی تر تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشكی دادوەری لە شاری سلێمانی كرا و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕووداوەکە کردووەتەوە



PM:02:40:21/10/2017