ڕێكاری یاسایی بەرامبەر چەند كەناڵێك دەگیرێتەبەر

سەرۆكی‌ داواكاری‌ گشتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بە وەكالەت داوای‌ لە دادگاكانی‌ هەولێر و سلێمانی‌ كرد رێكاری یاسایی لەبەرامبەر چەند كەناڵێكی میدیایی بگیرێتەبەر.

ئەمڕۆ سەرۆكایەتی‌ داواكاری‌ گشتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بە نووسراوی‌ ژمارە 591 داوای‌ لە دادگای لێكۆڵینەوەی‌ هەولێر و سلێمانی كرد رێكاری یاسایی لەبەرامبەر چەند كەناڵێكی میدیایی بگیرێتەبەر.

لەنوسراوەكەدا هاتووە "دوابەدوای‌ نووسراومان ژمارە 580 لە 18ی‌ 10ی‌ 2017 كە ئاراستەی‌ هەندێ‌ كەناڵی‌ ئاسمانی‌ كوردی‌ كرابوو بۆ راوەستانی‌ ئەو هەڵمەتە نابەجێیەی‌ كە بەرامبەر لایەنەكان دەیانكرد، بەهۆی‌ پابەندنەبوونی‌ بەشێك لەم دەزگا میدیایانە و بەمەبەستی‌ پارێزگاریكردن لە ئەمن و ئاسایشی‌ نیشتمانی‌ و نەتەوەیی كوردستان، بفەرموون بە گرتنەبەری‌ رێكاریی یاسایی پێویست لە دژی‌ بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ ئەم دەزگا راگەیاندنانە".

دەزگا میدیاییەكانیش بریتین لە "كەناڵی‌ رووداو، كەناڵی‌ گەلی‌ كوردستان، NRT بەرنامەی‌ تاووتوێ‌ و وێبسایتی‌ SNNC".

دوای‌ ئەوەی‌ لە رۆژی‌ 16ی‌ ئەم مانگە و رۆژانی‌ دواییدا هێزە عێراقیەكان شاری‌ كەركوك ناوچە دابڕێنراوەكانیان كۆنتڕۆڵكرد ڕووماڵی كەناڵەكانی‌ راگەیاندن بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون.



PM:02:07:22/10/2017