فەرمانی دەستگیركردن بۆ بەرپرسێكی باڵای پارتی دەرچوو

دەستەی نەزاهەی عێراق فەرمانی دەستگیركردنی بۆ بابەكر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق دەركرد.

دەستەی نەزاهەی عێراق، بەپێی مادەی (340) لەیاسای سزادانی عێراق فەرمانی دەستگیر كردن بۆ بابكر بدر خان شوكت ناسراو بە"بابەكر زێباری" سوپاسالاری پێشوی عێراق لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بڕیاری دادوەر دەركرد.

هۆكاری فەرمانەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە "زێباری تۆمەتبارە بە زیان پێگەیاندنی كەل و پەلە سەربازیەكانی سەنگەرەكان كە ئێستا كاریان پێدەكات".

ئاماژە بەوەدراوە بەپێی فەرمانەكە ناوبراو دەستی بەسەر كۆمەڵێك كەل و پەلی سەربازیدا گرتوە كە پێكهاتوون لە "7 ئۆتۆمبێل" كە موڵكی وەزارەتی بەرگریی عێراقە.

لەناوەرۆكی ماددەی 340ی یاسای سزاداندا هاتووە، بە زیندانیكردن سزادەدرێت كە لەحەوت ساڵ زیاتر نەبێت،یان بەبەندكردن، هەر فەرمانبەرێك بە ئەنقسەت زیان بگەیەنێتە ماڵ و بەرژەوەندی گشتی، لەو شوێنەی كە كاری لێدەكات، بەشێوەیەكی مەبەستدار، سزای زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت كە ماوەكەی لە 7 ساڵ كەمتر نەبێت.



PM:02:46:22/10/2017