لەبارەی موچەوە داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكرێت

ژمارەیەك ئەندامی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ داوای‌ ئەنجامدانی‌ كۆبوونەوەی‌ نائاسایی‌ ئەنجومەنەكەیان بۆ دابینكردنی موچە و نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیانی شارەكە دەكەن.

بەپێی نوسراوێك كە وێنەیەكی دەست "سپی" كەوتووە و 13 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای‌ سلێمانی‌ واژۆیان لەسەركردووە تیایدا هاتووە "وەك دەزانرێت هەرێمی كوردستان لە دوای بەرواری‌ 16-10-2017 پێی ناوەتە قۆناغێكی ترەوە، بارودۆخی ئابوری هاوڵاتیان و فەرمانبەران زۆر خراپتر بووە و هەرێمی كوردستان هیچ سەرچاوەیەكی دارایی نەماوە و ناتوانرێت مووچە و بودجە دابین بكات".
ئەو ئەندامانە داواكارن بەپێی بڕگەی (٨) لە ماددەی (١٠)  كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەن ئەنجام بدرێت لەسەر چوار بابەت ئەوانیش (دابینكردنی مووچە بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی پارێزگای سلێمانی، دابینكردنی سوتەمەنی بۆ هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای سلێمانی، دابینكردنی بەپەلەی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان بۆ پارێزگای سلێمانی، بارودۆخی ئاوارەكانی كەركوك و دوزخورماتوو).

لە 16ی تشرینی یەكەمی 2017، دوای هێرشی هێزە عیراقییەكان بۆ كەركوك و ناوچە جێ ناكۆكەكانی هەرێم و كۆنتڕۆڵكردنەوەی بیرە نەوتەكان هەرێم سەرچاوەی سەرەكی داهاتی لەدەستداوە و لەئێستادا لە هەرێمەوە نزیكەی 200 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەكرێت و چارەنوسی موچەی فەرمانبەرانیش نادیارە.



PM:03:29:22/10/2017