جەعفەر ئیمنکی: ئەگەر دکتۆر یوسف بگەڕێتەوە خەڵک بەر هێلکەی دەدات

لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا لەنێوان سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی، جەعفەر ئیمنکی بە د. یوسف محمەد دەڵێت" ئەگەر بێیتەوە پەرلەمان ئەوا خەڵک بەر هێلکەت دەدات".

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند" پەیوەندیەکی تەلەفونی لە نێوان د. یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی جەعفەر ئێمنکی بەستراوە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە دیوسف محەمەدی راگەیاندووە: ئەگەر بێیتەوە هەولێر ئەوا خەڵک لەدژی خۆپیشاندان دەکات و بەرهێلکەت دەدەن".

یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە بەرنامەیدا بووە، بگەڕێتەوە بۆ هەولێر و لەوێ لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوەو لەبەر رۆشنایی بەیاننامەکەی جڤاتی گشتی کە داوای دەستلەکاركێشانەوەی بارزانی و جێگرەکەی کردووەو، هاوکات داوای پێکهێنانی حکومەتێکی رزگاری نیشتمانیشی کردووە کار لەسەر ئەو دروشمانەی گۆڕان بکات.

سەرچاوەیەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە سپی راگەیاند" پارتی پێیوابووە کە دوو ساڵ دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمان لە پۆستەکەی دەبێتە مایەی بەخۆدا چوونەوە، بەڵام داواکردنی پێکهێنانی حکومەتی رزگاری نیشتمانی ئاماژەیە بۆ ئەوەی نە گۆڕان و نە سەرۆکی پەرلەمان هیچ پێداچوونەوەیەکیان بەخۆیاندا نەکردووە".

بڕیارە سبەی پەرلەمانی کوردستان لەسەر داوای جێگری سەرۆک و سکرتێرە کاتییەکەی پەرلەمان کۆببنەوەو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی سکرتێری هەمیشەیی و بارودۆخی کوردستان دوای هێرشەکانی سوپای عێراق بۆ سەر ناوجە جێناکۆکەکان.



PM:11:26:23/10/2017