" حکومەتی هەرێم سڕکردنی ریفراندۆمی لە ژێر هەڕەشەی وێرانکردنی هەولێردا دەرکرد "

شەوی رابردوو کاتژمێر ١ ی بەرەبەیانی ٢٥ ی تشرینی یەکەم حکومەتی هەرێم بەیاننامەیەکی بەپەلەی دەرکردو ریفراندۆمی سڕکرد. سپی زانیوویەتی ئەو بڕیارە لەژێر هەڕەشەدا دەرکراوە.

دوای شەڕەکانی دوێنێ ٢٤ تشرینی یەکەمی هەردوو ناوچەی مەخمور لە رۆژئاوای هەولێر و مەحمودیە لە نزیک رەبیعە لەسەر سنور کە هێزە عێراقییەکان زەبرێکی کوشندەیان بەرکەوت، بەپێی هەندێک زانیاری کە دەست سپی کەوتووە، حکومەتی عێراق بۆ تۆڵە سەندنەوە هێزێکی زۆر و پڕ چەکی قورس و زرێپۆشی لە ناوچەی مخمور کۆکردەوە بە مەبەستی هێرشکردنە سەر هەولێر، سەرەتا لەداگیرکردنی  کێڵگەی نەوتی خۆرمەڵەوە دەستی پێدەکرد، کاتێک بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بە کۆکردنەوەی ئەو ‌هێزە گەورەیەی عێراق و ئەو هەڕەشە گەورەیە دەزانن لە سەر هەولێر، پەیوەندی دەکەن بە ئەمەریکاو هاوپەیمانانەوە بۆ ئەوەی بەر لەو هێرشە چاوەڕوانکراوە بگیرێت، پاش مشتومڕ و پەیوەندیەکی زۆر بە ناوبژیوانی ئەمەریکا حکومەتی هەرێم سازشیکرد و ئەو بەیاننامەیەی بآوکردەوەوەو و ریفراندۆمی سڕکردو ئامادەی خۆی نیشاندا لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکات.

دوای دەرکردنی ئەو بەیانە لە کاتژمێر ١ ی شەو بەبڕیار فەرماندە بالآکانی عێراق، دەستکرا بە پاشکەشەی ئەو ‌هێزە بێشوومارەی هێنرابووە دەوری مەخمورو هەندێکی گوێزرایە بۆ ناوچەکانی تکریت و لەوێوە بەرەو رومادی و چەند یەکەیەکی تری گوێزرایەوە بۆ ناوچەکانی دیالە.

رۆژی ٢٥ ئەیلول باشووری کوردستان ریفراندۆمی لە ناوچەکانی ژێر دەسەلآتی هەرێم و ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجامدا، لە رۆژی ١٦ ی تشرینی یەکەم هێزە عێراقییەکان پەلاماری کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانیاندا، شەوی رابردووش عێراق هێزێکی بێ شووماری لەسەر سنوری هەولێر کۆکردەوە، شەوی رابردوو پاش مانگێک لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، حکومەتی هەرێم ئەنجامی ئەو پرۆسەیەی سڕکرد.





PM:02:23:25/10/2017