ئەستێرە تورکەکە ماڵئاوایی دەکات

ئیمڕا، ئەستێرەی بواری هونەری تورکیا بڕیاریدا  بە یەکجاری واز لە کاری هونەری بهێنێت.


پێگەی hurriyet ، بڵاویکردۆتەوە، ئیمڕا، ئەستێرەی دیاری تورکیا پاش ماوەیەکی زۆر دابڕان و دەرکەوتنەوەی لە زنجیرە درامای (ئەشقی ماڤی)، دواجار بڕیاڕیدا بەیەکجاری واز لە گۆرانی و نواندن بهێنێت.

لە لێدوانێکدا بەڕێوبەری کارە هونەریەکانی ئیمڕا رایگەیاند "ماوەی 36 ساڵە کاری هونەری دەکات، بەڵام  ئێستا تەمەنی نزیک بووەتەوە لە پەنجاکان، هەربۆیە دەیەوێت بەیەکجاری وازبهێنێت پاش کۆتایی هاتنی وەرزی کۆتایی درامای ئەشقی ماڤی".

ئیمڕا ئەردۆگان، ئەکتەر و گۆرانیبێژی دیاری تورکیایە و لەساڵی 1971 لە دیاربەکر لەدایکبووە، تاقانەی دایک و باوکی بووە، دوای ساڵێک و پێنج مانگ دایکی کۆچی دوایی دەکات.

لەتەمەنی منداڵیدا زۆر گرنگی بە مۆسیقا دەدات، بەدەنگە خۆشەکەی هەمووان سەرسام دەکات، قۆناغی ناوەندی لە دیاربەکر تەواو دەکات، لەو ماوەیەدا چەند کاسێتێکی وێنەی ئیمڕا لەکاتی گۆرانی وتندا بلاودەبێتەوە.

ئیمڕا، لەساڵی 1984 یەکەم ئەلبومی لە ئیستەنبوڵ بڵاودەکاتەوە و هەوادارێکی زۆر کۆدەکاتەوە، لەماوەی 20 ساڵدا 18 ئەلبوم بەرهەم دەهێنێت، لەنێو دنیای میوزیکی تورکیادا جێگەیەکی دیاری هەیە و لەزیاتر لە 14 وڵات کۆنسێرتی سازکردووە.

ئیمڕا خاوەنی چەندین خەڵاتی بەناوبانگە لە بواری گۆرانی وتندا، جگە لەوەش یەکێکە لە ئەکتەرە ناودارەکانی تورکیا، ڕۆڵی سەرەکی لە زۆر دراما و فیلمی بەناوبانگی تورکیادا بینیوە، لە 2011 هاوسەرگیری کردووە ئێستا خاوەنی سێ منداڵە.



PM:09:45:26/10/2017