بەرپرسێکی یەکێتی: لەبەیانی ئەمڕۆوە شەڕ وەستاوە

کارگێڕی مەڵبەندی موسڵی یەکێتی ئاشکرایدەکات لە بەیانی  ئەمڕۆوە شەڕی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە میحواری زومار و ڕەبیعە وەستاوە.


غەیاس سورچی، کارگێڕیی مەڵبەندی موسڵی یەکێتی و لێپرسراوی ڕاگەیاندنی ئەو مەڵبەندە لەبارەی پێکدادانەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەی زومار و ڕەبیعە و سنوری فیشخاپور بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "لە کاتژمێر 9ی بەیانی ئەمڕۆوە شەڕ لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە وەستاوە".

کارگێڕیی مەڵبەندی موسڵی یەکێتی وتیشی "بۆ ماوەی 24 کاتژمێر ئاگربەست لەنێوان هەردوولا ڕاگەیەندراوە و لەئێستادا هیچ پێکدادان و ڕووبەڕووبونەوەیەک لەو سنورە نیە".

هاوکات هەر ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، نوسینگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕایگەیاندووە ئەمڕۆ هەینی هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە باکوری عێراق.

ئاژانسەکە لە زاری وتەبێژێکی هاوپەیمانانەوە ئەوەشی وتووە، ڕاگرتنی شەڕ لەنێوان هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگەدا لە هەموو بەرەکان دەبێت.

دوێنێ هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی لە زومارەوە هێرشیان بۆ سەر پێگەکانی پێشمەرگە دەستپێکرد کە دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای موسڵ، بە وتەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمیش هێرشەکەیان لەلایەن پێشمەرگەوە تێکشکێندراوە.

ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگەش شەڕ و ڕووبەڕوبونەوە لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان لە مەخمور و ناوچەی مەحمودیە ڕوویدا کە بەهۆیەوە ١٥ سەرباز بە دیلگیراون و ژمارەیەک هامەرییش تێکشکێنران و ژمارەیەک سەربازیش كوژراون و برینداربوون.

ڕۆژی ١٦ و ١٧ ئەم مانگەش هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی چوونە ناو کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکانی ترەوە و کۆنترۆڵیان کردنەوە.



PM:04:33:27/10/2017