جارێکی دیکە دانیشتنی پەرلەمان دواخرا

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا بە دواخستنی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان و هۆکاری دواخستنەکەش ڕوون نەکراوەتەوە.


لە ڕاگەیەندراوێکیدا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەڵێت "بەپێی حوكمی بڕگە (٢) لە ماددەی (١٧) و برگەی (١)ی ماددەی (١٨) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانی عێراق ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی هەمواركراو، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بریاریدا بە دواخستنی دانیشـتنی ژمارە (٤)ی ئاسایی كە بڕیار بوو ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ ئەنجام بدرێت".

ئەوە دووەم جارە ئەو دانیشتنەی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێت و پێشتر بڕیاربوو کۆبوونەوەکە ڕۆژی پێنج شەممە ٢٦ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ ئەنجام بدرێت، بەڵام دواتر کۆبوونەوەکە بۆ ڕۆژی شەممە دواخرا، لەئێستاشدا جارێکی دیکە کۆبوونەوەکە دواخراوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستاندا، باس لە هۆکاری دواخستن و کاتی ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە نەکراوە کە دواخراوە، هەروەها بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەش ئاشکرا نەکراوە.

پێشتر چەند پەرلەمانتارێکی پارتی ئەوەیان ئاشکراکرد بارزانی دەست لەکار دەکێشێتەوە و دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کۆبوونەوەی داهاتوی پەرلەمان تایبەت دەبێت بەو پرسە.



PM:07:11:27/10/2017