هۆشیار زێباری: دەیانەوێت هەرێمی کوردستان بسڕنەوە

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت سەرەڕای ئەوەی لە دەستوری عێراقدا دانی پیانراوە، بەرپرسانی عێراق هەوڵ دەدەن هەرێمی کوردستان بسڕنەوە.


هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پێگەی خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردەوە، "لە کاتێکدا دەستووری عێراق دان بە هەرێمی کوردستاندا دەنێت بە تەواوی دەسەڵاتەکانیەوە کە هەرێمێکی فیدرالە، بەڵام ئێستا دەیانەوێ بیسڕنەوە".


پێشتر مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لە پێگەی تایبەتیی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئاشکرای کرد کە هەوڵەکان بەو ئاراستەیەن لە ڕێگەی هەمووارکردنی دەستوورەوە، سیستەمی فیدرالی بۆ عێراق هەڵبوەشێننەوە و تەنیا دەسەڵاتی حوکمی زاتی بە هەرێمی کوردستان بدەن.


ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی خاڵی 3ی بڕگەی یەکەمی ماددەی 126 لە دەستووری هەمیشەیی عێراق، نابێ هەمووارکردنەوە لە دەسەڵاتی هەرێمەکاندا بکرێت، تەنیا لەو کاتەدا نەبێت کە پەرلەمانی هەرێمەکە پەسەندی دەکات و زۆرینەی دانیشتووانەکەشی لە ڕیفراندۆمێکی گشتیدا قەبوڵی دەکەن.



PM:03:45:28/10/2017