پارتی: سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەک خولەکیش مومارەسەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم ناکات

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، نامەکەی بارزانی بۆ دەستلەکارکێشانەوە نییەو، سەرۆکی پەرلەمانیش بۆ یەک خولەکیش مومارەسەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم ناکات.

لەبارەی ئەجێندای کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە 29-10-2017 ی پەرلەمانی کوردستان، ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بە رووداوی رایگەیاند: "سبەی دوای ئەوەی نامەکەی جەنابی سەرۆک بارزانی دەخوێندرێتەوە، گفتوگۆ لەسەر پرۆژەیاسایەک دەکرێت بەناوی دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەسەر دەزگا و دامەزراوەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، کە بریتین لە پەرلەمان و حکومەت و ئەنجوومەنی دادوەری".

سەبارەت بە نێوەڕۆکی نامەکەی بارزانی کە دەگوترێت نامەی دەستلەکارکێشانەوەیە، ئومێد خۆشناو گوتی: "بەهیچ شێوەیەک ئەو نامەیەی جەنابی سەرۆک پێشکەشی کردووە دەستلەکارکێشانەوە نییە، بەڵکو جەنابی سەرۆک مەبەستیەتی چیدیکە باس لەوە نەکرێت ماوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان درێژبکرێتەوە".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: "جەنابی سەرۆک خوازیاری ئەوەیە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی درێژنەکرێتەوە، لەو دوو وەرزەی کە پەرلەمان ماویەتی ئامادەکاری بۆ ئەوە بکرێت لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت". بڕیارە 8 مانگی دیکە، واتە 1-7-2018 هەردوو هەڵبژاردنەکە پێکەوە ئەنجامبدرێن.

سەبارەت بەو لایەنانەی دەتوانن دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنن، ئومێد خۆشناو گوتی: "بەپێی پرۆژەیاساکە پەرلەمانی کوردستان مومارەسەی دەسەڵاتە یاساییەکان،  حکومەت مومارەسەی دەسەڵاتە تەنفیزییەکان و ئەنجوومەنی دادوەریش مومارەسەی  دەسەڵاتە دادوەرییەکان دەکات".

سەبارەت بە مومارەسەکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە، ئومێد خۆشناو گوتی: "بەپێی ئەو بابەتەی سبەی لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و پرۆژەیاسایەک پێشکەش دەکرێت و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و دواجار دەنگی لەسەر دەدرێت، یەک دەقەش سەرۆکی پەرلەمان مومارەسەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم ناکات".




PM:09:59:28/10/2017