عەلی قەرەداغی فەتوا دەدات: شەڕ لەنێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان حەرامە

د. عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان لەبارەی شەڕی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان فتوا دەدات و بەهەموو شێوەیەک شەڕ حەرام دەکات. هاوکات دەشڵێت: "هەر کەسێک بەهۆی بەرگریکردن لە خاکی خۆی بکوژرێت شەهیدە".

قەرەداغی لە پەیامێکی چەند خاڵیدا داوا لە حکومەتی هەرێی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکات شەڕ رابگرن و دەست بە گفتوگۆی خێرا بکەن. جەخت لەوەش دەکاتەوە کە شەڕ و خوێنڕشتن سوودی نییە و ئیرادەی گەلان بە شەڕکردن ناڕووخێت.

قەرەداغی سەرمەستبوون بە سەرکەوتنەکان بە رێگەخۆشکەر دادەنێت بۆ رشتنی خوێنی زیاتر لەنێو خەڵکی عێراقدا، کە خاوەنی ئاینی هاوبەش و رووبەڕووبوونەوەی هاوبەشی زوڵم و تیرۆرن.

لەبارەی حەرامکردنی شەڕیش دەڵێت: "وەک عەلی قەرەداغی فتوای حەرامکردنی شەڕ دەدەم لەنێوان موسڵماناندا و پێویستە گفتوگۆ قبوڵبکرێت، تەنانەت ئەگەر بەرامبەر ئیسلامیش نەبێت، سووربوون لەسەر بژاردەی سەربازی لووتبەرزی و خۆبەگەورەزانینە کە ئەمەش خودا قبوڵی ناکات".

داواش لە مەرجەعییەت و زانایانی ئاینی و گەورەزاناکانی عێراق دەکات رۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ خامۆشکردنی ئەو ئاگرەی هەیە.

قەرەداغی رووی دەمی لە حکومەتی عێراق دەکات و دەڵێت: "لەسەر بنەمای دەستوور دەستپێشخەری هەولێر قبوڵبکەن، چونکە قبوڵکردنی گفتوگۆ فەرزێکی شەرعی و نیشتیمانییە و رێگری لە خوێنڕشتن و وێرانکاری دەکات، هەر لایەنێکیش گفتوگۆ نەکات ئەوا لایەنی ستەمکارە، ئەوەشی گفتوگۆی قبوڵە و هێرشی دەکرێتەسەر، مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات، ئەگەر هەرکەسێکیش لە بەرگریدا بکوژرێت ئەوا لە بەهەشتدایە و شەهیدە، ئەوەشی لەبەرامبەریدایە لە دۆزەخە".

ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان هەر لە پەیامەکەیدا داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆئەوەی هەردوولا رازیبکەن دەست بە دانوستاندن بکەن.



AM:10:32:29/10/2017