سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان د، یوسف محەمەد لەسەر هێرشکردنە سەر پەرلەمانی کوردستان لەلایەن لایەنگرانی پارتیەوە، پەیامێک بڵاودەکاتەوە.
دەقی پەیامەکە
پەیامێکی بە پەلە لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە.
بۆ نوێنەرایەتی و کونسوڵی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بواری مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕۆژنامەنووسی.
بە داخ و نیگەرانییەکی زۆرەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ کۆمەڵێ بەڵتەجی و کەسانی تێکدەر، دوور لە هەمو بەهایەکی مرۆیی و بە هاندانی حیزبیی هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی پەرلەمان و بە بێ هیچ ڕێگرییەکی هێزە ئەمنییەکان، پەلاماریی پەرلەمانتاران و ڕۆژنامەنووسانیاندا. بە هەمو لایەکی رادەگەیەنین ژیانی سەرجەم پەرلەمانتاران و ڕۆژنامەنووسان لە ئەستۆی ئەو لایەن و گروپانەیە، کە هانی توندوتیژیی دەدەن و دەیانەوێ شکۆی یاسا و ڕووی هەرێمەکەمان هێندەی تر لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆستەکانمان لەکەدار بکەن و هەمو پەیوەندییەکانمان دەخەینە گەڕ، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی لەم رەفتارە نا مەدەنی و نا دیموکراتییانە ئاگادار بکەینەوە.
د، یوسف محەمەد سادق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٢٩-١٠-٢٠١٧