مێترۆ: كۆمەڵێك چەقۆ بەدەست بەبەرچاوی هێزە ئەمنییەكانەوە حەرەمی پەرلەمانی كوردستانیان شكاند

سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند" كۆمەڵێك تیڵاوەشێن و چەقۆ بەدەست بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەكانەوە حەرەمی پەرلەمانی كوردستانیان شكاند".

کەمێک پێش ئێستا سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوەکردەوە و تیایدا هاتووە "ئێوارەی ئەمڕۆ كۆمەڵێك تیڵاوەشێن و چەقۆ بەدەست بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەكانەوە حەرەمی پەرلەمانی كوردستانیان شكاند و پەلاماری بەشێك لە پەیامنێری كەناڵەكانی داو لە پەخشی راستەوخۆدا هێرشییان كردە سەر تیمی كەناڵی ئێن ئاڕ تی".

هەروەها دەڵێت، هێزە ئەمنییەكان دەیانزانی كە ئەو كۆمەڵە خەڵكەی پێشتر هێرشییان كردە سەر ئەندامی پەرلەمان (ڕابوون مەعرف)، لە نزیك پەرلەمان هوتافییان دەدا و هەڕەشەیان لە هەندێك لە میدیاكاران دەكرد.

میترۆ ئەوەشی وتووە، تا ئامادەكردنی ئەو لێدوانە لە هێرشی ئەمڕۆی ناو پەرلەمان بۆسەر رۆژنامەنوسان، رێبوار كاكەكەیی، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی بریندار بووە، كامێراكەی شكێنرا، ساڵح هەرکی، پەیامنێری کەی ئێن ئێن پەلامادراوە و ئازاردراوە.
میترۆ ئەوەشی وتووە، گرتە ڤیدیۆییەكان ئەوە ئاشكرا دەكەن كە "ئەو هێرشبەرانە مایك و كامێراكانی ئێن ئاڕ تی و کەی ئێن ئێن دەشكێنن و هوتاف لێدەدەن وەك ئەوەی لەناو رەبییەكی دوژنمدا بن و سەركەوتنیان تۆماركرد بێت".

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئەو هێزانەی کە ئەرکی پاراستنی پەرلەمانیان لە ئەستۆیە نەیانتوانی پارێزگاری لە بینای پەرلەمان و پەرلەمانتاران بكەن و بگرە بە خەمساردییان رێگەیان بۆ ئەم هێرشبەرانە خۆشكرد تا توندوتیژییەكانیان ئەنجامبدەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ ژمارەیەک هاوڵاتی بەناوی خۆپیشاندەرەوە، لە دەرگای پەرلەمان هاتنە ژورەوە و بەدار و چەقۆوە پەلاماری پەیامنێرانی ئێن ئاڕ تی و کەی ئێن ئێن یان داوە و بریندارییان کردوون، هەروەها گەمارۆی پەرلەمانیان لە هەموو دەروازەکانەوە داوە.



PM:10:26:29/10/2017