نێچیرڤان بارزانی: دەستێک هەیە بۆ دابەشبوونی کوردستان

سەرۆکی حکومەتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت " دەستێك هەیە بۆ دابەشبوون و بەرپرسیارانی ئەو رووداوانەی شەوی رابردوو لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت".

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە پەیامێكدا كە لەپەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە"هەموو ئەوانەی لەو كارە بەرپرسیارن، دەبێت بەگوێرەی یاساكانی هەرێمی كوردستان لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت".

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم جۆرە لە توندوتیژییە  ناشەرعی و نایاساییە، بەهیچ جۆرێك جێگای نابێتەوە.

راشیگەیاندووە " چارەسەری قەیرانەكانی ئێستامان ئاسان نین، بەڵام ئەم جۆرە لە توندوتیژی و دابەشبوون، كە شەوی رابردوو روویدا، لە بەرژەوەندی دوژمنی ئێمەدایە".

نێچیرڤان بارزانی ئاشكراشیكرد"هەندێك كەس لە دەرەوەو ناوەوە دەیانەوێت ئێمە دابەش بكەن، ئەوەی وامان لێدەكات پێكەوە بین ئەوەیە كوردستانیان لەو شتانە گەورەترین، كە لەوانەیە ببنە هۆی دابەشبوونی ئێمە".

سەرۆكی حكومەت دەڵێت " ماڵێكی دابەشبوو ناتوانێت بەرگە بگرێت، ئێمە پێویستمان بەوە نییە دابەش بین و نابێت رێگە بدەین بچینە نێو ململانێی ناوخۆیی، یان بەهۆی ئەو ململانێیەوە بڕوخێین، وەك چۆن هەندێك كەس دەیانەوێت بەو ئاقارەماندا ببەن، ئێمە لەوە زیاترین و لەوەش گەورەتر و بەهێزترین، با پێكەوە بە بەهێزیی بمێنینەوە".

شەوی رابردوو لایەنگرانی پارتی چوونە سەر پەرلەمان و دەستدرێژیان کردە سەر چەندان رۆژنامەنووس، گەمارۆی ئەندام پەرلەمانیان دا، هەروەها لە زاخۆش بارەگاکانی یەکێتی و گۆڕان سوتێنران. 



PM:07:22:30/10/2017