ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی: ئەبێ یەكێتی داوای رونكردنەوە لەبارزانی بكات

حەمەی حەمەسەعید، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبابەتێكدا روو لە مەسعود بارزانی سەبارەت بە كەركوك‌و تاوانباركردنی یەكێتی دەڵێت: ئەگەر بەڵگەی لایە حەق بەوە، دەنا یەكێتی دەبێت داوای روونكردنەوە لە بارزانی بكات.

حەمەی حەمە سەعید دەنوسێت "کاک مەسعود من بەرگری لەکەس ناکەم خیانەتی نیشتیمانی بکات لەو بارەشەوە ڕوونکردنەوەم دا، بەڵام گوناحە بەبێ بەڵگەو بەبێ لیژنەی لێکۆڵینەوە جەنابت گروپێکی ناو یەکێتی تاوانبار بکەیت بە خیانەتی نیشتیمانی، هەرچەندە ئەگەر ئەو گرووپەش دەرکەوت خیانەتیان کردووە، من ئەڵێم یەکێتی کردوویەتی، بەڵام من دڵنیام لەوەی ئەوەی ئەو گروپە پێشنیاریان کرد بۆ حیزبەکەی خۆیان و جەنابیشت لەکۆبوونەوەی دووکان لێێ ئاگادار کرای لەبارەی کەرکوکەوە، حەق لای ئەوانەو جەنابت و بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی تەخسیر بارن بەهەند وەرتان نەگرت و لەنێوان ئەوان و ئێوەدا ئەوە ڕوویدا کە ڕوویدا".

دەقی وتارەكە بخوێنەرەوە...

کاک مەسعوود تەخوین کردنەکەت ئاگری بن کا بوو..
حەمەی حەمەسعید

بەداخەوە شەڕی ناوخۆ یەکتر قبوڵ نەکردن یەکدی تاوان بارکردن لەناو کۆموڵگای کوردەواری و سڕینەوەی بەرامبەر لەدێر زەمانەوە لەناوماندا باوبووە یان بووەتە دیاردە، لەوکاتەشەوە سیاسەت و گروپ و دەستەو تاقم وحیزبی کوردی لەناو کوردستاندا دەستیان بەکار کردووە، ئەم دیاردە زیاتر دەرکەوتووەو لەهەردەورانێکدا چەند بارە بووەتەوە تا ئەوکاتەی گرووپ و تاقم و دەستەو ئیماراتەکان و حیزبەکان و حەرەکاتە چەکدارەکانیشیان ئەگەر هەبووە کۆتاییان هاتووە، ئەم کۆتایی و لەناوچوونەشیان مێژوو پێمان ئەڵێت هۆکارە سەرەکی و کاریگەرەکانیان شەڕەکان و ململانێکانی ناوخۆی خۆیان بووە.
بابێمە سەر ئەسڵی مەبەست، ئەویش ڕیفراندم وڕووداوەکانی بەدوایدا هات،  من لێرەدا قسە لەباری نەخێرەکەیەوە ناکەم، چوونکە خۆم سەر بەبەرەی بەڵێ بووم، لای من بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان لەهەر کاتێکدا بێت وەک بڕواو مەبدەئە، بانەچمە ناوو وردەکاری، وە نەشی شارمەوە، خەریک بوو بگەمە ئەو بڕواییەی دەوڵەتەکانی گەورەو زلهێز، ئەوانەی سیاسیەکانی کوردیان والێکردبوو بڵێن چیتر شاخەکانی کوردستان پشتووپەنامان نین، لەژێرەوە چرای سەوزیان بۆ ئەنجام دانی ڕیفراندم داوە.
ئەوە لەلایەک لەلایەکی ترەوە، بڕوام وابوو منافەسەو ململانێی نێوان ئامریکاو ئێران کۆتاییەکەی لەعێراق و دوای شەری داعش ئەکەوێتە ناو کەرکوک، وەلەو بڕوایەش دابووم ئامریکا لەململانێکەدا نایدۆڕێنێ، هەر بۆیە لەلاپەڕەی فەیسبوکی خۆم دا بەر لەریفراندم لەم بارەوە بەکورتی شیکردنەوەیەکم کردبوو، زۆرتریش بۆ ئەوەبووپێشمەرگە و خەڵک وورە بەرزبن بەڵام دیارە من هەڵەبووم ئامریکا بەدوای بەرژەوەندیەکانی خۆیدایە.
جارێکی تر بەداخەوە دوای چەندین ساڵ لەتاقی کردنەوەی ئاشتی و هەوڵدانی بێ ووچان بۆ دووبارە نەبوونەوەی شەڕی ناو خۆ لەکوردستان و دوبارە نەبوونەوەی ئەنفالی کوردان لەسەر ئاستی عێراق و نێونەتەوەیدا، وامێژوو دووبارە ئەبێتەوە. ئەنفال و کوشتاری بەکۆمەڵ و ڕەو لەدوس، شەری ناو خۆش هەم لەنێوان کوردو عەرەب و هەم لەنێوان کوردەکان خۆیاندا، ئەوەی ناو کوردستان ئەگەر بەکردە لەدوای ڕووداوی کەرکوک و ناوچە دابرێندراوەکانەو دەستی پێنەکردووە ئازایەتی و فەخرەکەی بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەگەرێتەوە. چوونکە لەلای برایانی پارتیمانەوە ئەوشەڕە ڕاگەێنراوە، بەتایبەت لەنێو پەیامەکەی کاک مەسعوددا دوێنێ شەو لەبارودۆخێکی ئاڵۆزو نائاساییدا بەشێوەیەکی سۆزوعاتیفە یەکێتی بەخائین وخۆفرۆش ناوزەند کردو ووتی چاوەڕێی هەموو شتێکم کردوە جگە لەو خیانەت و خەنجەر لە پشتەوەدانەی لەگەلەکەمان لەلایەن گروپێکی ناو یەکێتیەوە.ئەمە ڕاست وەک ئاگری بنکا وابوو.
ئەمە جگە لەوەی بەبەرنامە پەرلەمانیان ئەوەندەی تر سوک و سەلیم کرد جگەلەوەی کۆمیتەی زاخۆی یەکێتیان سووتاند و گەمارۆی بارەگای مەلبەندەکانی نەینەواو دهۆکی یەکێتیان داو سووکاییەتیەکی زۆریشیان بەهەڤاڵانمان کرد.
من کاتێک گوێدێری پەیامەکەی کاک مەسعود بووم بەڕاستی دڵتەنگ و نیگەرانی رووخسارو بارودۆخی کاک مەسعودو بێکەسی کورد بووم، سات بەسات گوێم ڕادێرابوو، بۆبیستنی ڕستەیی (داوای لێبوردن لەگەلی کورد ئەکەم لەوەی ئەگەر من لەم بارەوە کەم و کورتی و هەڵەم هەبووە) بەڵام بەداخەوە لەجیاتی ئەوە گوێم بە ڕستەی تاوانبار کردنی یەکێتیەوە بوو بەخیانەت.
کاک مەسعود من بەرگری لەکەس ناکەم خیانەتی نیشتیمانی بکات لەو بارەشەوە ڕوونکردنەوەم دا، بەڵام گوناحە بەبێ بەڵگەو بەبێ لیژنەی لێکۆڵینەوە جەنابت گروپێکی ناو یەکێتی تاوانبار بکەیت بە خیانەتی نیشتیمانی، هەرچەندە ئەگەر ئەو گرووپەش دەرکەوت خیانەتیان کردووە، من ئەڵێم یەکێتی کردوویەتی، بەڵام من دڵنیام لەوەی ئەوەی ئەو گروپە پێشنیاریان کرد بۆ حیزبەکەی خۆیان و جەنابیشت لەکۆبوونەوەی دووکان لێێ ئاگادار کرای لەبارەی کەرکوکەوە، حەق لای ئەوانەو جەنابت و بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی تەخسیر بارن بەهەند وەرتان نەگرت و لەنێوان ئەوان و ئێوەدا ئەوە ڕوویدا کە ڕوویدا.
 ئەگەرجگە لەوەیش شتێکی تر لەپشتەوە هەیەو ئێمەو مانان ئاگادار نین و بەڵگەتان لایە ئەوکات حەق لای جەنابتە، ئەگەر نا ئەبێ یەکێتی نیشتیمانی لەو بارەوە داوای ڕون کردنەوەی هەبێ لە بەڕێزتان.
نا بۆ کلتووری بارەگا سوتاندن وئهانە کردن و شکاندنی ئەوانەی کە ئەکەونە سنووری ڕەهای ئەوانی ترەوە، دوواجاردەڵێم ئەگەر هەوڵی دڵسۆزانەی دوکتۆر بەرهەم و چەند سەرکردەیەکی تری یەکیتی نەبوایە شەوی ڕابوردو ئێستا بارودۆخ لەسایەی ئەو تەخوین کردنەی جەنابتەوە وا نەئەبوو لەکوردستان دا.
ئەم نووسینە ڕای خۆمەو پەیوەندی بەیەکێتی نیشتیمانیەوە نیە.





AM:10:01:31/10/2017