تا دوێنێش هیچ رێكەوتنێك لەنێوان پێشمەرگە‌و هێزە عێراقییەكان نەكراوە

سەرەڕای بەردەوامبوونی كۆبوونەوەی نوێنەرانی هێزی پێشمەرگە‌و هێزە عێراقییەكان، تا ئێستا هیچ رێكەوتنێك ئەنجام نەدراوە‌و كورد بە مەرجەكان رازی نەبووە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە سپی رایگەیاند پاش سێ رۆژ لەبەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی نوێنەرانی هێزی پێمشەرگەی كوردستان‌و هێزە عێراقییەكان‌و خستنەڕووی مەرجەكانی بەغدا، تا ئێوارەی دوێنێ دووشەممە هیچ رێكەوتنێك لەنێوانیاندا نەكراوە.

بەپێی زانیارییەكان یەكێك لە مەرجەكانی هێزە عێراقییەكان ئەوەیە كە هێزەكانی حكومەتی فیدڕاڵی كۆنترۆڵی دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بكات كە بریتین لە (ملیشیاكانی حەشدی شەعبی، سوپای عێراقی‌و پۆلیسی فیدڕاڵی)، ئەمەش لەكاتێكدایە پێشتر رایانگەیاندبوو تەنیا سوپای عێراق لەو شوێنانە جێگیر دەبن.

سەرچاوەكەی سپی وتی: تا ئێستا كورد بەو مەرجانەرازی نەبووە‌و ئەگەر تەنیا سوپای عێراق بوایە، رەنگەی كورد بەو مەرجە رازی بوایە.

سەرچاوەكەی سپی پێیوایە قبوڵكردنی ئەوەی هێزەكانی حكومەتی فیدڕاڵی كۆنترۆڵی دەروازە سنورییەكان بكەن، بەمانای شكستی یەكجاری‌و تەواوەتی كوردە، هەر بۆیە پێدەچێت كورد بەو مەرجە رازی نەبێت.



PM:12:41:31/10/2017