هێرشەکان بۆ سەر ناوەندی قائیم دەستی پێکرد

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی  هێرشیان بۆ سەر ناوەندی شاری قائیم لە ڕۆژئاوای عێراق دەستپێکرد.


عەبدول ئەمیر یارەڵا، فەرماندەى ئۆپراسیۆنەکانى ڕۆژئاواى ئەنبار لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە هێزەکانیان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە دەستیانکردووە بە چوونە ناوەوەى هەریەک لە ناوچەکانى سەعدە و کەرابیلە و حوسەیبە لە سنورى قائیم.

ئاشکراشیکرد هەریەک لە سوپا و دژە تیرۆر و حەشدى شەعبى و حەشدى عەشایەرى چوونەتە ئەو سێ ناوچەیەوە.

هاوکات وەزارەتى بەرگریى عێراق بڵاویکردەوە، کە یەکەکانى سەر بە جەنگى دەرونى لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا چوونەتە ناو ناحیەى عوبەیدى و بەرەو گوندى خەسم بەڕێوەن.

ڕۆژى ٣١ى مانگى ڕابردوو، حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراق بەڵێنیدا لە ئایندەیەکى نزیکدا مژدەى کۆنترۆڵکردنەوەى شارۆچکەى قائیم لە دەست چەکدارانى داعش ڕابگەیەنێت.





ئه‌م بابه‌ته 18405 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:34:03/11/2017