چی لەناو کۆمپیوتەرەکەی بنلاندندا هەبووە؟

کۆمپیوتەرەکەی ئوسامە بن لادن کە دەست هەواڵگریی ئەمریکا کەوتووە، چەند شتێکی جێاوازی تێدابووە و لە ڕاپۆرتێکدا خراوەتەڕوو. 


بەگوێرەی راگەیەندراوی دەزگای هەواڵگری سی ئای ئەی، کۆمپیوتەرەکەی ئوسامە بن لادن سەرۆکی رێکخراوی قاعیدە، کۆمەڵێک فیلم کارتۆنی منداڵان و ژمارەیەک فیلمی هۆلیود و چەند فیلمێکی دیکۆمێنتاری لەبارەی خودی بن لادن و حەمزەی کوڕی تێدابووە.

دۆکیۆمێنتەکانی ئەو دەزگا هەواڵگریە ئااژە بۆ ئەوە دەکەن کۆمپیوتەرەکەی بن لادن یاری ڤیدیۆی(فاینەڵ فەنتازی ٧) و فیلمی هۆلیود بە ناونیشانی (ئوسامە بن لادن لە کوێی جیهانە) لەخۆگرتووە.

هەروەها ڤیدیۆی(Charlie bit my finger) لە کۆمپیوتەرەکەیدا تەماشا کردووە، بوونی ئەو ڤیدیۆیەش لە کۆمپیوتەرەکەی بنلادن وایکردووە ئاستی بینینی ئەو فیلمە لەسەر کەناڵی یوتیوب زۆر بەرزبێتەوە.

راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، لەو کۆمپیوتەرەدا کۆمەڵێک بابەت هەن کە تائێستا بڵاونەکراونەتەوە، بەهۆی ئەوەی بابەتی نا ئەخلاقی یان ئەو بابەتانەی لەخۆگرتووە کە زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەگەیەنن، یاخود یاسای مافی بڵاوکردنەوە، رێگە بەبڵاوکردنەوەیان نادات.

ئەوەی لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئەمریکا (سی ئای ئەی) بڵاوکراوەتەوە بەشێکی کەمە لەو ٤٧٠ هەزار دۆسێیەی لە کۆمپیوتەرەکەی ئوسامە بن لادندا دەستی بەسەرداگیراوە.

لە مانگی ئایاری ٢٠١١ لە هەڵمەتی هێزێکی تایبەتی سوپای ئەمریکا، ئوسامە بن لادن سەرۆکی رێکخراوی قاعیدە لە ناوچەی ئەبوت ئاباد لە پاکستان کوژرا و کۆمپیوتەر و کەلوپەلەکانی لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئەمریکاوە دەستی بەسەرداگیرا.



PM:03:10:03/11/2017