وەزیرێکی کورد لە بەغدا پەیامێکی بەپەلە ئاراستەی هەرێم دەکات
وەزیرەکە داوای هەڵوەشانەوەی ریفراندۆم دەکات

حکومەتی عێراق لەرێگای وەزیرێکی کوردەوە پێشنیارێکی بەپەلە بۆ لایەنە کوردستانییەکانی هەرێم دەکات.

د. دەرباز محەمەد، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لەسەر پشكی گۆڕان، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، پەیامێكی بەپەلەی ئاراستەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم كردووەو رایگەیاندووە " هەر دەبێت دانوستان لەگەڵ بەغداد بكەن، تا ڕۆژێك ئەو دانوستانە دوا بكەوێت، زیانەكەی بۆ هەرێمە".

دەرباز لە نووسینەکەیدا دەڵێت " مەرجی بەغدا هەڵوەشاندەنەوەی ریفراندۆمە، كە حكومەت هەڵیپەساردووە، هەڵپەساردن بە واتای و بە تامی هەڵوەشاندنەوە، هەروەها راشیگەیاندووە: ئەمڕۆ دان بەو هەڵوەشاندنەوەدا بنرێت لەلایەن بارزانی لەسبەینێ باشترە، بۆ ئەوەی فریای ڕێكەوتنێك بكەوین لەسەر خاڵە سنورییەكان و نەوت و كۆی كێشەكانی دیكە، پێش ئەوەی كار لەكار بترازێت و هاوڵاتیانی هەرێم زیانی زیاتر بكەن".

دەرباز محەمەد، هۆشداری لەوەشداوە كە تاوەكو ئەم بابەتە بۆ حكومەتی هەرێم بەجێبهێڵرێت، هێندەی تر ناڕوونی و چارەنوسی مەترسیدار چاوەڕێمانە.

وەزیرەکەی گۆڕان پێیوایە وەك چارەسەرێكیش بۆ قەیرانەكان، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق داوای كردووە حكومەتی هەرێم هەڵبوەشێتەوەو حكومەتێكی كاتیی هاوسەنگ پێكبهێندرێت.



PM:08:48:04/11/2017