عەبادی و جبوری: کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا لەرێگەی دەستور چارەسەر دەکرێت

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كۆبوونەوە.


بەپێی بەیاننامەیەكی نوسینگەی سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە حەیدەر عەبادی و سەلیم جبوری كۆبوونەتەوەو تاوتوێی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكان و كۆتایی هێنان بەقەیرانەكانیان كردووە لە رێگەی پشتیوانیكردن لەگفتوگۆو رێزگرتن لەبنەما نیشتیمانییەكان.


عەبادی و جبوری هەروەها "جەختیانلەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كردووەتەوە لەرێگەی دەستوری عێراقەوە".

لەبەیاننامەیەكەدا هاتووە، "تەئكیدكراوەتەوە لەسەر پێویستی كردنەوەی ئاسۆی نوێی هاریكاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەمەبەستی بەرەو پێشبردنی ئابووری عێراق و پتەوكردنی پەیوەندیەكان لەگەڵیاندا".


ئەوەش خراوەتەڕوو، باس لەسەركەوتنەكانی هێزە عێراقییەكان كراوە لە خۆرئاوای ئەنبار كە دواترینیان ئازادكردنی شاری قائیم بوو، كە مژدەی كۆتاییهێنان بە داعش لە عێراق راگەیەندرا.



PM:11:31:04/11/2017