تورکیا داوا دەکات بەغدا لە ١٧% بوودجەی هەرێم بدات

حكوومەتی ئەنقەرە داوای لە حكوومەتی بەغدا كرد بڕی 17%ی بودجەی هەرێمی كوردستان بنێرن و كەمی نەكەنەوە. 

ئاژانسی ئانادۆڵ بڵاویکردەوە کە ئیبراهیم كاڵن وتەبێژ بە ناوی سەرۆكایەتی توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دووپاتی كردەوە "وڵاتەكەی هەناردەی نەوتی لە بۆڕیە نەوتیەكانەوە رانەگرت، بۆ ئەوەی زیان بەر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان نەكەوێت، ئێستەش داوامان لە حكوومەتی بەغدا كردووە، بەشە بودجەی 17%ی كوردستان بنێرێت".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا كاڵن وتیشی "دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، وڵاتەكەی چەند گوشاریكی خستووەتە سەر كوردستان، لەوانەی راگرتنی گەشتی فڕۆكەوانی و داوای بەڕێوەبردنی خاڵی گومرگی ئیبراهیم خەلیل لەگەڵ حكوومەتی عێراق بە شێوەیەكی هاوبەش".

چەند رۆژێكە پەرلەمانی عێراق بۆ بودجەی 2018، بەشە بودجەی كوردستانی بۆ 12.8% كەم كردووەتەوە، ئەمڕۆش حكوومەتی حەیدەر عەبادی بەبێ ئامادەبوونی خۆی، بودجەكەی پەسەند كرد. 



PM:10:54:05/11/2017