فراكسیۆنێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەڵوەشایەوە

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە راگەیەنراوێكدا هەڵوەشاندنەوەی فراکسیۆنی خزمەتی لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان راگەیاند، هۆکارەکەیشی بۆ دوو خاڵ دەگەڕێنێتەوە و تۆمەتەکە دەخاتە پاڵ کۆمەڵی ئیسلامی.

فراکسیۆنی یەکگرتوو لە راگەیەنراوێكدا دەنوسێت: بۆ بەرچاوڕوونی هەموو لایەک بەپێویستی دەزانین هەموو لایەک ئاگاداربکەینەوە کە لە رۆژی 1-11-2017 ەوە سەرۆکی لیستی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیمان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی لەدوای ئەو رێککەوتەوە هەردوو لیستی کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی  وەک دوو لیستی سەربەخۆ کار و چالاکییەکانی خۆیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی درێژە پێدەدەن. هۆکارەکەیشی بۆ دوو خاڵ گەڕاندووەتەوە:

1. لەماوەی 18 مانگی رابردوودا بەهۆی ئەوەی بەڕێز (فەیسەڵ ئیبراهیم ) ئەندامی فراکسیۆنی خزمەت لە پشکی کۆمەڵی ئیسلامی کە پێشتر سەرۆکی فراکسیۆنەکەش بوو، پابەند نەبووە بە دەوامکردن و کەمتەرخەم بووە لە ئەداکردنی ئەرکەکانی وەک ئەندامی ئەنجوومەن و مانەوەی لە وڵاتی بەریتانیا بەبێ مۆڵەت، چەندینجار برایانی ئەنجوومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامیمان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی بەڕێزیان ئەندامێکی فراکسیۆنەکەمانە و ئامادەنین سازش لە خەمساردی بەڕێزیان بکەین لە ئیش و کاری ئەنجوومەندا، لەبەرئەوەی هەریەک لە ئێمە نوێنەرایەتی 28  هەزار دەنگدەر دەکەین، داوامان کردووە یان پابەندبێت بە ئەرکەکەیەوە یاخود ئەندامێکی دیکەی کۆمەڵی ئیسلامی جێگەی بگرێتەوە، لەکاتێکدا لەو ماوە زۆرەدا ئەم فراکسیۆنە لەبری چوار ئەندام تەنیا سێ ئەندام لەکاردا بوون، بەداخەوە نەیانتوانی وەڵامێکی عەمەلیمان بدەنەوە، هەر لەمبارەیەوە چەندینجار سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنیشمان ئاگادارکردووەتەوە کە بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکات .

2. بەڕێزان فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان سەبارەت بە ئەجێندای کۆبوونەوەی ژمارە (40)ی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان روونکردنەوەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، بەبێ گەڕانەوە بۆ فراکسیۆنی خزمەت ! لەکاتێکدا لەچوارچێوەی کاری ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەفەرمی تەنیا فراکسیۆنێکمان هەیە بەناوی (فراکسیۆنی خزمەت) نەک فراکسیۆنی یەکگرتوو یان فراکسیۆنی کۆمەڵ، ئەمەش واتای هەڵوەشاندنەوەی فراکسیۆنی خزمەتە بە عەمەلی لەلایەن برایانی کۆمەڵی ئیسلامییەوە، ئێمەش بەپێویستمان زانی رێز لە ویستی بەڕێزیان بگرین... هەر بۆیە لە ئایندەدا وەک دوو فراکسیۆنی سەربەخۆ درێژە بە کاری خۆمان دەدەین و ئەم هەنگاوەش هیچ کاریگەرییەکی نابێت لە پەیوەندیی برایەتی و کاری هاوبەشماندا.

لیستی خزمەت لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ساڵی 2014 دا لە یەکگرتنی هەردوو فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی پێکهات، لیستەکە لە سلێمانی چوار ئەندامی هەبوو و لە هەولێریش خاوەسێ ئەندامە، ئەندامەکانی سلێمانیش دوویان کۆمەڵ و دوویان یەکگرتوو بوون، تاوەکو ئێستاش لیستەکە لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر هەڵنەوەشاوەتەوە.



AM:10:22:06/11/2017