عەبادی داوا لە کورد بەڕاشکاوی رایبگەیەنێت هەوڵ بۆ جیابوونەوە نەدات

نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات پابەندی پاراستنی یەکێتی عێراق بن و هەوڵ بۆ جیابوونەوە و سەربەخۆیی نادات.

لەو بەیاننامەدا کە نووسینگەی عەبادی بڵاویکردەوە، داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەن داوا دەكەن " پابەندی تەواو بن بە دەستوور و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بەشیكردنەوەی مادەی 1ی دەستوور هەیە كە جەخت لە یەكپارچەیی عێراق دەكاتەوە و یەكگرتوویی تەواوی پارێزگاكان دووپات دەكاتەوە".

لەو پەیامەی نوسینگەی عەبادیدا داوا لە هەرێم دەكات رایبگەیەنێت، پابەندی ئەوەیە كە هەوڵ نادات بۆ سەربەخۆیی و جیابونەوە و هەروەها پابەندبوون بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی.

لە درێژەی پەیامەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە دادگا بە روونی ئاماژەی بەوە داوە كە هیچ دەقێك نییە بۆ مۆڵەتدان بە جیابوونەوەو تیایدا هاتووە " تەواوی ئەو رێوشوێنانەی حكومەتی فیدراڵی گرتونیەبەر لەچوارچێوەی ئەو مادە دەستوورییانە و دەسەڵاتەكانیدان".

دادگای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ دوو شەممە روونكردنەوەی لەبارەی مادەی 1ی دەستووری عێراقەوە دا، كە جەخت لەسەر یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكاتەوە.

ئیلیاس ساموك وتەبێژی دادگای فیدراڵی عێراق رایگەیاند، بەپێی مادەی 109ی دەستووری عێراق پێویستە سەرجەم پارێزگاكان پابەند بن بە یەكپارچەیی خاكی عێراقەوە.

راشیگەیاند، هیچ دەقێكی دەستووری نییە مۆڵەت بدات بە جیابوونەوەی پێكهاتەكان.

لە 25ی ئەیلوولی 2017 باشووری كوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەبرد.




PM:01:42:06/11/2017