" زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتی داوای هەڵپساردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی دەکەن"

لە زاری ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتییەوە ئاشکرا دەکرێت کە زۆرینەی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی لەگەڵ هەڵپساردنی پەیوەندییەکانیاندان لەگەڵ پارتی.

ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا کە لەماڵپەڕی ئەنجومەی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاندووە " بە تەواوی ئەندامانی یەكێتیی نیشتمانی و ڕای گشتی كوردستان ڕادەگەیەنین، كە دانبەخۆداگرتنمان سنوری تێپەڕاند و لەمەولا ئۆباڵی ئەو شكستانەی بە پیلان بەسەر گەلەكەماندا هێنرا، وەكو خۆی دەخەینە بەرچاوی خەڵك و ئەستۆی بكەرانی و ناهێڵێن خوێنی شەهیدانی یەكێتیی و سەدان ساڵ قوربانیدانی گەلی كوردستان بۆ‌ كەركوك و ناوچە كوردستانییەكان بە هەدەر بڕوات".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کە نەیوستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت "ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی هەڵدەپەسێرێت و بەهەموومان پارتی دیموكراتی كوردستان پەلكێشی بەردەم دادگای ویژدانی گەل دەكەین، تا ئەو كاتەش، كە پارتی ڕوونكردنەوە دەدات لەسەر ڕاگەیەندراوی‌ نابەرپرسیارانەی ئەنجومەنی سەركردایەتی و پەشیمان دەبێتەوە، وەكو زۆرینەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی، هەموو جۆرە پەیوەندییەك لەگەڵ پارتی هەڵدەپەسێرین".

هەروەها دەڵێت " ئێستا كە هاتونەتە سەر ئەوەی بەرپرسیارێتی شكستەكەیان هەڵبگرن، پارتی خۆیان بێ بەری دەكەن و پێچەوانەی قسەكانی خۆیان دەدوێن و دەیانەوێت بە بڵاوكردنەوەی ڕاگەیەندراو و بە ناوهێنانی چەند كەسێك لەناو حزبێكی كوردستانی، لە نەفرەتی گەل خۆیان ڕزگار بكەن".

لە كۆتایی ڕوونكردنەوەكەدا ئەوە دەخرێتە روو کە سەرۆك وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی ئەوەی ڕاگەیاند، كە هێزەكانیان بەپێی دەستور جێگۆڕكێیان كردوە و پێشمەرگە شەڕی لەگەڵ نەكردوون و پێكدادانیش، كە لەچەند شوێنێكی بچوك لەلایەن چەند كەسێكەوە هاندراوە، تەنها بۆ داپۆشینی شكستە سیاسییەكان و هەوڵێك بووە بۆ پەلكێشكردنی كۆمەڵی نێودەوڵەتی، كە بێن و ڕووبەڕووی سوپای عێراق ببنەوە. غافڵ لەوەی كۆمەڵی نێودەوڵەتی پشتیوانی حكومەتی فیدڕاڵ و گەڕانەوەیە بۆ گفتوگۆ بەپێی دەستور.

ئەو روونکردنەوەیەی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کە باوی زۆرینەوە قسە دەکات وەک وەڵامێکە بۆ راگەیاندنی دوێنێ ٧ ی تشرینی دووەمی سەرکردایەتی پارتی کە گرووپێکی یەکێتی " بە ئەنجامدەری خیانەت " ناوزەد دەکات.



PM:07:53:08/11/2017