"تا 72 کاتژمێری دیکە کۆسرەت ڕەسوڵ لەژێر چاودێری ووردی پزیشکیدا دەمێنێتەوە"


پاش تەواوبوونی نەشتەرگەریەکەی کۆسرەت ڕەسوڵ، هەریەکە لە دەربازی کوڕی و د. ڕێکەوت حەمە ڕەشید، وەزیری تەندروستی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دواین زانیاریان لەبارەی ڕەوشی تەندروستیەوە ئاشکراکرد

لە سەرەتای کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا دەرباز کۆسرەت کوڕی کۆسرەت ڕەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی ڕایگەیاند کە تەندروستی باوکی باشە.

سوپاسی خەمخۆری کەسایەتی و لایەنەکان و هاوڵاتیانی کرد کە هەواڵی تەندروستی باوکی پرسیوە.

هاوکات ڕێکەوت حەمە ڕەشید وەزیرى تەندروستیى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، بۆرییەکانى ڕیخۆڵەى کۆسرەت ڕەسوڵ توشى گیران بووبوون.

وەزیرى تەندروستیى هەرێم ڕاشیگەیاند، کۆسرەت ڕەسوڵ نەشتەرگەرییەکى سەرکەوتووى بۆ ئەنجامدراوە و تا ٧٢ کاتژمێر لەژێر چاودێرى ورد دا دەمێنێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ نوسینگەی رۆژنامەوانی کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری یەکێتی رایگەیاند، کۆسرەت رەسول باری تەندروستی تێکچووە و گەیەنراوەتە نەخۆشخانە.

هاوکات پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی فاروقەوە بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "لەئێستادا باری تەندروستی کۆسرەت ڕەسوڵ ناجێگیرە و لەژێر چاودێری ووردی پزیشکدایە و نەشتەرگەری بۆ ئەنجام دەدرێت".

سەرچاوەکە ئەوەشی بۆ سپی ئاشکراکرد "بەهۆی خراپی باری تەندروستیەوە ناتوانرێت ببرێتە دەرەوەی وڵات و لەئێستادا بڕیاری تیمە پزیشکیەکە ئەوەیە لە نەخۆشخانەی فاروق بەردەوامی بە چارەسەرەکەی بدرێت".

ئەمڕۆ شەممە باری تەندروستی کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی تێکچووە و گەیەنراوەیە نەخۆشخانەی فاروق.

کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی لە ساڵی ١٩٥٢لە گوندی شیواشۆکی گەورەی سنووری قەزای کۆیە لەدایک بووە، لە ئێستادا جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.



PM:04:29:11/11/2017