بەسەرهاتی بەركەوتەیەكی كیمیایی لە شەوی بوومەلەرزەكە

بەركەوتەیەكی چەكی كیمیایی لە هەڵەبجە باس لە حاڵی خۆی دەكات لەشەوی بوومەلەرزەكەی 12/11‌و دەنوسێت "هەرگیز هێندەی دوێنێ شەو هەستم بە لاوازی خۆم نەكردوە".

مامۆستا كامیل عەبدولقادر یەكێك لە بریندارەكانی چەكی كیمیایی شاری هەڵەبجەیە لە فەیسبوكەكەی خۆی دەنوسێت: هەرگیز هێندەی دوێنێ شەو هەستم بە لاوازی خۆم نەکردووە، نەک توانای فریاکەوتنی منداڵەکانیشم نەبوو بەڵکو خۆشم منداڵەکانم فریام کەوتن، کە زەمین لەرزەکە ڕوویدا هەر ئەوەندەیان پێکرا باڵیان گرتم و بەپەلە بردمیانە حەوشەوە، بەڵام ئۆکسجینەکەم لێبڕا خەریک بوو بخنکێم، منداڵەکانم هەوڵیان دەدا بگەڕێنەوەو دەزگای ئۆکسجینەکەم بۆ بێنن بەڵام من ڕێگەم پێ نەدەدان لە ترسی ئەوەی نەبن بە ژێر خانوەکەمانەوە، بەڵام کە زانیان چیدی بەرگەی بێ ئۆکسجینی ناگرم و خەریکە بخنکێم بێگوێییان کردم و بە هەڵەداوان دەزگای ئۆکسجین و پاڵتاوەکەیان بۆ هێنام .
بێجگە لەوەی زۆر تەنگەنەفەس بووم ئەندازەیەکی زۆریش سەرمام بوو! .
بەڕاستی شەوێکی ناخۆش و خەمناک بوو، خوای گەورە هەموومان بپارێزێت ! .

مامۆستا کامیل عەبدولقادر یەکێکە لە بریندارەکانی چەکی کیمیایی لە ھەڵەبجە و شەش کەس لە بنەماڵەکەی لە کارەساتی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨ لەدەستداوە و شەھید بووە، تائێستا ٥٠٠ برینداری چەکی کیمیایی لە شاری ھەڵەبجە دەژین بەڵام چارەسەری پێویستیان وەرنەرگرتووە، ٢٠٠ لەو بریندارانە پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە ھەیە و ٩٠ـیشیان باری تەندروستیان خراپە بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی ڕابردوو کە بەھۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە چارەسەری پێویست وەربگرن، لەم چاوپێکەوتنەدا مامۆستا کامیل عەبدولقادر وتەبێژی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە و یەکێک لە بریندارانی چەکی کیمیایی باس لە ئازارەکانی دەکات و باسی پەیوەندی بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵیشی دا دەکات.




AM:11:52:14/11/2017