دایكی شێركۆ بێكەس كۆچی دواییكرد

بەیانی ئەمڕۆ دایكی شاعیر شێركۆ بێكەس و لە وڵاتی ئەمریكا كۆچی دوایی كرد، وابڕیارە تەرمەكەی بگەڕێنرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و پاشان پرسەی بۆ دابنرێت.

ماڵپەڕی nrt2لەزاری هەڵكەوت عەبدوڵا، هاوڕێی شێركۆ بێكەس و ئەندامی ئەنجومەنی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بڵاویكردەوە بەیانی ئەمڕۆ "شەفیقەخان دایكی شاعیری كۆچكردو و دامەزرێنەرەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم شێركۆ بێكەس و خێزانی فایەق بێكەس لە تەمەنی ٩٩ ساڵیدا لە ئەمریكا كۆچی دوایی كرد".

ئاشكراشیكرد، بەهۆی ئەوەی شەفیقەخان لە ئەمریكا دەژیا و هەرلەوێ كۆچی دوایی كردووە، تائێستا ڕوون نییە پرسەی لە كوێ بۆ دادەنرێت، ئەگەری ئەوە هەیە پاش گەڕانەوەی تەرمەكەی بۆ كوردستان پرسەی بۆ دابنرێت.

وتیشی "شەفیقەخان هاوسەرێكی بەوەفای شاعیری نەتەوەیی فایەق بێكەس و دایكێكی میهرەبان بوو بۆ خوالێخۆشبوو شێركۆ بێكەس، هەربۆیە پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەكەیان دەكەین".

شێركۆ بێكەس كوڕی شاعیری ناودار فایق بێكەس لە ڕۆژی دووی ئایاری ١٩٤٠ لە شاری سلێمانی لە دایكبووە و لە دوای ٧٣ ساڵ تەمەن لە ڕۆژی چواری ئابی ٢٠١٥ لەشاری ستۆكهۆلمی پایتەختی سوید بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵئاوایی لە ژیان كرد.

شێركۆ بێكەس خاوەنی دەیان بەرهەمی چاپكراوە، كە لە ساڵی ٢٠٠٩ كۆ بەرهەمەكانی لە هەشت هەزار لاپەڕەدا چاپكرا.






ئه‌م بابه‌ته 1794 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:01:51:14/11/2017