پەرلەمانتارێكی عێراق ئاشكرایدەكات حكومەتی عێراق بڕیاریداوە موچەی سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق بەڕێژەی %20 كەمبكاتەوە، دەشڵێت "بودجەیەك قەبووڵناكەین كە مووچەی فەرمانبەرانی تێدا كەمكرابێتەوە"
ئەمڕۆ سێشەممە، مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا ڕایگەیاند ئەنجومەنی نوێنەران چاوەڕوانی گەیشتنی بودجەیە لە حكومەتەوە، وتیشی "تێبینی زۆرمان لەسەر بودجە هەیە پاش خوێندنەوەی ڕەشنوسەكەی لە نێوانیاندا ئەو ڕێژە كورتهێنانەی بودجە و ئەو قەرزانەی كە حكومەت لە 2018دا پەنای بۆدەبات كە وادەكات جیلی داهاتوو بكەونە ژێر ئەو قەرزەوە، ئەمە جگە لە تێبینیەكانمان لەسەر ڕێژەی بودجەی هەرێم".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی كە هاوكات پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕانیشە ئاماژەی بەوەكردووە كە بەپێی زانیاری نیمچە پشتڕاستكراو، "ڕێككەوتنێك لە نێوان سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی ناوەندی هەیە بۆ كەمكردنەوەی تێچووەكان"
مەسعود حەیدەر دەشڵێت "زانیارییەكان جەخت لەوەدەكەنەوە كە حكومەت ڕەزامەند بووە لەسەر كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەرانی حكومەتی عێراق لە سەرجەم پارێزگاكاندا و لە ئاساییترین موچەخۆرەوە بۆ سەرۆك كۆمار بە بڕێك كە بە 7 تریلیۆن دیناری عێراقی دەخەمڵێنرێت لە ڕێژەی تەواوی موچووچەی فەرمانبەران كە بە 36 تریلیۆن دەخەمڵێنرێت".
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەی خستەڕوو كە "حكومەت بە ڕێژەی لە 20% موچەی فەرمانبەرانی حكومەتی عێراقی كەمدەكاتەوە"، وتیشی "لە بودجەی ساڵی ڕابرددوشدا هەنگاوێكی لەو جۆرە هەبووە بەڵام ئێمە لە ئەنجومەنی نوێنەران جەختمان لەوەكردەوە كە مووچەی فەرمانبەران هێڵی سورە و بودجەیەك قەبووڵناكەین كە مووچەی فەرمانبەرانی تێدا كەمكرابێتەوە