پارتی دوا هەڵوێستی خۆی لەسەر پارێزگاری کەرکوک راگەیاند

‌رزگار عەلی کاندیدکراوی یەکێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت " رزگار عەلی لەو گروپەی یەكێتییە، كە رێككەوتنیان لەگەڵ حەشدی شەعبی كرد، بۆیە پشتگیری ناكەین ببێت بە پارێزگاری كەركوك".

هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە رۆژنامەی (ئاوێنە)ی راگەیاندووە، حەزدەكات بگەڕێتەوە بۆ كەركوك، بەڵام بەزەلیلی نا، گەڕانەوەیەك لەبەرژەوەندی خەڵكی كەركوك و هەرێمی كوردستان بێت.
 
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، وتیشی "رزگار عەلی بەشێك بووە لەو كەسانەی كە رێككەوتنەكەیان ئیمزاكردووە لەگەڵ حەشدی شەعبی، ئەگینا ئێمە لەگەڵ ئەوەین پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە دابنرێت و پارتی و حزبەكانی تریش بگەڕێنەوە بۆ شارەكە".
 
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی جەختی لەوەشكردەوە، كە هەوڵدەدەن پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا بخەنە سەر رێچكەیەكی تازە، "ئەگەر ئێمە لەگەڵ ئێران پەیوەندییەكانمان ئاسایی بكەینەوە پەیوەندی بەوەوە نییە وا لێكبدرێتەوە لەسەر هەڵوێستی ئێمەیە لەگەڵ ئەمریكا".
 
وتیشی " بەڕاستی من هیچ زانیارییەكم لەسەر ئەو نامانەی بارزانی نییە، كە باس دەكرێت بۆ قاسمی سلێمانی ناردووە، ناتوانم لەسەر ناوەرۆكی ئەو نامانە قسە بكەم، بەڵام ئەگەر ئەو نامانەش نوسرابێت ئەوا بەشێكە لەسیاسەتی سەوابتی ئێمە كە وەك پارتی هەمیشە ویستومانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌ پەیوەندیمان باش بێت، رۆژێك لەرۆژان نەمانویستوە لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران هەڵوێستێك وەربگرین".
  



PM:10:33:14/11/2017