زیاتر لە 200 هاوڵاتی سلێمانی سكاڵا لەسەر ژمارەیەك بەرپرسی كورد تۆمار دەكەن

پەرلەمانتارێكی بزوتنەوەی گۆڕان ئاشكرایدەكات كە هاوڕێ لەگەڵ زیاتر لە 200 هاوڵاتی شاری سلێمانی سكاڵا لەسەر رووداوەكانی دوای 16/10 تۆمار دەكەن.

پەیمان عێزەدین، ھەڵسوڕاوی پلە باڵای بزوتنەوەی گۆڕان و پەرلەمانتاری پێشووی ئەو بزوتنەوەیە لە پەرلەمانی کوردستان، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک دەڵێت: "دوای واژۆکردنی 233 هاوڵاتی لە پارێزەران و ڕۆژنامەنوسان و مامۆستایان و کاسبکاران و فەرمانبەران، لەسەر یاداشتێک بۆ جوڵاندنی سکاڵای یاسایی لەسەر ڕوداوەکانی دوای 10/16 و ئەو شکستە سیاسی و ئابوری و سەربازییانەی ڕووبەرووی هەرێمی کوردستان بووەوە، ئەمڕۆ لەگەڵ هاوڕێیانی پارێزەرم (سەرگوڵ رەزا، کارزان عەبدولفازیل، محەمەد مەعروف) یاداشتەکەمان پێشکەشی فەرمانگەی داواکاری گشتیی سلێمانی کرد."

ئەوەشی ڕاگەیاندووە: "لە ڕۆژانی داهاتوو لەگەڵ هەر پێشکەوتنێک لە دۆسێکە ئاگادار و چاودێر دەبین، بە هیوای گەیشتن بە دادوەریی تەواو و لێپێچینەوە لە تاوانکاران و بەرپرسانی ئەو شکستانە."



AM:07:03:15/11/2017