خەڵاتی قەڵەمی وەرگێڕان ی ئینگلیزی بەخشرایە خانمە نوسەری كورد چۆمان هەردی

خانمە نوسەر و وەرگێڕی كورد، چۆمان هەردی "خەڵاتی قەڵەمی وەرگێڕان”ی ئینگلیزی بە وەرگێڕانی دیوانی "دەربەندی پەپولە”ی شاعیری گەورەی كورد شێركۆ بێكەس بۆ سەر زمانی ئینگلیزی دەباتەوە.

  "ئینگلیش پێن” براوەكانی خەڵاتی قەڵەمی وەرگێڕان "PEN Translates award”ی بڵاوكردۆتەوە كە لە 16 بەرهەمی وەرگێڕدراو پێك دێت و لە پازدە وڵات و 14 زمانی جیاجیاوە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی وەرگێڕدراون.
بەپێی لیستی براوەی خەڵاتەكان، یەكێك لە براوەكان خانمە نوسەر و وەرگێڕی كورد، چۆمان هەردی-یە بە وەرگێڕانی دیوانی "دەربەندی پەپولە”ی شاعیری گەورەی كورد شێركۆ بێكەس.

ئینگلیش پێن رایگەیاندوە كە بەرهەمە براوەكان لەسەر بنەمای بەرزی ئاستی ئەدەبی لەڕوی جۆر و بەهێزی پرۆژەی بڵاوكردنەوەكە و بەشداریكردنی بەرهەمەكە لە فرەجۆركردنی ئەدەبیدا لە بەریتانیا، هەڵبژێردراون.
چۆمان هەردی لەوباریەوە بەسایتی ئاوێنەی راگەیاند كە ئەو خەڵاتەكە لەساڵێكدا دوجار دەدرێت بەو بەرهەمانەی كە وەرگێڕدراون و چاپخانەكان بەر لە بڵاوكردنەوەیان دەیاننێرن بۆ پێشبڕكێ لەو جۆرە خەڵاتانەدا و وتیشی”ئەمە داننانێكە بە مافی وەرگێڕە باشەكاندا”.
لەبارەی كاتی بڵاوبونەوەی بەرهەمەكەی، چۆمان هەردی رایگەیاند كە لە 16/3/2018 لە ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا كتێبەكە بڵاودەكرێتەوە.
بەپێی قسەی چۆمان هەردی كتێبەكە لەلایەن چاپخانەی ئارك-ی بەریتانییەوە كە تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی شیعری وەرگێڕدراو چاپ و بڵاودەكرێتەوە و هەمو كتێبەكانیشیان بە هەردو زمانەكەیە واتە لاپەڕەیەك بەرهەمەكەیە بە زمانی ئەسڵی و لاپەڕەیەكیشی وەرگێڕانە ئینگلیزیەكەیە.
سەبارەت بە خەڵاتەكەش وتی”خەڵاتەكە خەڵاتێكی پارەیە هەم خەرجی چاپكردنی كتێبەكەیە بۆ چاپخانە و هەم خەڵاتێكیشە بۆ وەرگێڕەكە”.




AM:11:42:16/11/2017