بەرپرسێکی پارتی: مەرزی باشماخ بۆ ئاودیوکردنی نەوتی کەرکوک کراوەتەوە


وتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی ڕایگەیاند "رۆژانە 260 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك بەتانكەر بەسنووری باشماخ دەڕواتە ئێران" و دەڵێت دیارە "گروپی 16ی ئۆكتۆبەریش بەشی خۆیان هەیە لەو نەوتە".

عەدنان كەركوكی، وتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمی جیزبەكەی رایگەیاندووە "نەوتی كەركوك رۆژانە بەسنووری باشماخ دەڕواتە ئێران، كە ئەو سنوورە هەر لەبەر ئەوە كراوەتەوە، دیارە گروپی 16ی ئۆكتۆبەریش بەشی خۆیان هەیە لەو نەوتە، بۆ ئەوەی لەمەرزی باشماخەوە ئاودیوی ئێران بكەن".

عەدنان كەركوكی راشیگەیاند "ئەوەی عێراق ئاشكرایكردووە رۆژانە 30 هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی ئێران دەكرێت بەرزدەكەنەوە بۆ 60 هەزار بەرمیل، ئەوە ڕاست نییە، ئەوەی لای من هەیە رۆژانە 260 هەزار بەرمیل نەوت بەتانكەر ڕەوانەی ئێران دەكرێت، تانكەرەكانیش زۆربەیان هی وڵاتی ئێرانن، شەو و ڕۆژ نەوت لەكەیوان دەگوازنەوە، كە لەكەیوان 16 شەمعە هەیە، بۆ پڕكردنی ئەو تانكەرانە لەنەوت، هەر شەمعەیەكیش بە ماوەی 20 خولەك تانكەرێكی 36 هەزار لیتری پڕ دەكات لەنەوت".

هەروەها ئاشكرایكردووە "لە هەر 20 خولەكێك 16 تانكەری 36 هەزار لیتری پڕ لەنەوت دەكرێت، ئەگەر لەماوەی 24 كاتژمێر ئەوانە كار بكەن، بۆیە زیاتر لە 260 هەزار بەرمیل نەوت رۆژو شەو لەكەركوكەوە ڕەوانەی ئێران دەكرێت".

لەبارەی چۆنییەتی فرۆشتنی ئەو نەوتەوە دەڵێت "تائێستا دیارنییە، بەڵام ئەوەی كە لێی دڵنیاین، ئەوە بەهیچ شێوەیەك لەچوارچێوەی پارەی پتڕۆدۆلار نادرێت بەئیدارەی كەركوك، ئەوەش ئێران‌و ئەو دەسەڵاتەی، كە لەكەركوكە لەپشتەوەیەتی، چونكە وەكو وتم، كردنەوەی مەرزی باشماخ بەس بۆ ئەوە بووە نەوت رەوانەی ئێران بكەن، كە پێشووتریش لێی ڕەوانە دەكرا، حكومەتی عێراقیش ئاگادارە، چونكە بەنیازن بۆرییەكی نەوت لەكەركوك بۆ كرماشان ڕابكێشن‌و ڕۆژانە 650 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی ئەو بۆڕیەوە ڕەوانەی ئێران بكرێت".

بە وتەی ئەو بەرپرسەی پارتی دۆخی كەركوك ئێستا "خراپە" و رایگەیاندووە "لەسایەی ئەو داگیركارییەی لەلایەن حەشدی شەعبی‌و سوپای پاسدارانی ئێرانەوە كراوە، ترس‌و تۆقاندن بەردەوامە، لەرووی ئەمنییەوە، لە هەموو گەڕەكە كوردییەكان مەفرەزەكانی حەشدی شەعبی دابەش بوون‌و ماڵ بەماڵ دەگەڕێن‌و ماڵی هاووڵاتییان تاڵان دەكەن‌و لەسەر بینا بەرزەكانیش قەناس بەدەستیان لەسەرە، بۆ ئەوەی هەر جوولەیەك لەلایەن خەڵكی كوردەوە هەبێت لێیان بدەن، ئەوەش بۆ ترس‌و تۆقاندنی خەڵكە، ئەوەش وایكردووە، كە خەڵك هەست بەنائارامی بكات، بەتایبەتی بەشەوان خەڵك دەگرن‌و چارەنووسیان نادیارە، لەگەڵ ئەوەی شەوانە هێرش دەكرێتە سەریان".



PM:06:48:17/11/2017